حکومەتی هەرێم: ئەو گۆڕانکارییانەی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ئەنجامدران نادەستووریین

حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەو گۆڕانکارییانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی هەرێم لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران نادەستوریین". 

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەو گۆڕانکارییانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیین، هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە". 

ئەوەش هاتووە" ئێمە وەک حکومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی سودانی کراوە". 

شەوی ڕابردوو لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ماددەكانی (١٣ و ١٤)ی پڕۆژەیاسای بودجەیان جێگیركرد كە تایبەتن بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. 


PM:05:01:26/05/2023