فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" کاتێک ھەرێم لە بەردەم ھەڕەشەی گەورەی قەیرانی دارایی بوو ئێوە گاڵتەتان بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەھات و خەڵکی کوردستان بێموچە بوون".
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ماوەی چەند رۆژێکە بەزمانێکی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ پاییە و سەنگی پەرلەمانتاری، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان بەیاننامە و لێدوان بڵاودەکەنەوە و دەیانەوێ خەڵکی کوردستان جەواشە بکەن خەریکی موزایدەی سواون".
ئاماژەی بەوەشکردوە" لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و موراعەتکردنی ھەستیاری دۆخەکە و سەرقاڵبونمان بە چەسپاندنی داوا ڕەواکانی خەڵک لە بودجە، نەمانوویست وەڵامبدەینەوە و بچینە ئاستی ئەو زمانە نزم و نەشیاوەی ئەوان، تەنھا ئەوەندە دەڵێین، ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لە مەسەلەی دیفاعکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لەبەغدا و پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا موزایدە بەسەر ئێمەوە بکات".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ھیچ ھێزێکی کوردستانی ھێندەی ئێمە پەرۆشی یەکریزی کوردستانی نەبووە لە بەغدا، ئەوە ئێمە نەبوین لەبەر پۆست و بەرژەوەندی تەسکی حزبی یەکریزی بشکێنین، سەبارەت بەو قسە بێسەروبەرانەی لەسەر قوباد تاڵەبانی دەکرێت گوایە پەیوەندی بە ھەندێک پەرلەمانتاری عێراقەوە کردوە، ئەمە هیچ بنەمایەکی نیە و ھەڵبەستراوە، کاک قوباد تەنھا پەیوەندی بە نوێنەری یەکێتی لە لیژنەی دارایی کردوە و رێنمایی کردوە کە بۆ چەسپابدنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەوڵبدات، تەنھا ئەوەندە دەڵێن، کاتێک ھەرێم لەبەردەم ھەڕەشەی گەورەی قەیرانی دارایی بو، ئێوە گاڵتەتان بەڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەھات و خەڵکی کوردستان بێموچە بون، کاک قوباد (١١) جار سەرۆکایەتی وەفدی دانوستانکاری ھەرێمی کرد و (٢٥٦) سەعات کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا کرد و (٥٠) رۆژ لە بەغدا ماییەوە تا (٢٠٠) ملیارەکە دەستەبەر بکات".