شارەزایەكی هاتووچۆ روونكردنەوە سەبارەت بە كامێرای (پۆینت توو پۆینت) دەدات


شارەزایەكی بواری هاتووچۆ چەند روونكردنەوەیەك سەبارەت بە وریاكردنەوەی شۆفێرن لە كامێرای پۆینت توو پۆینت دەدات. 

هەڵكەوت عەبدوڵا، شارەزای هاتووچۆ رایگەیاندووە، ئەمڕۆ كامێرای (پۆینت توو پۆینت) بە ڕەسمی و ئەژماركردنی سەرپێچی خێرایی دەست پێدەكات، بۆ ئەوەی هەنگاوەكە ڕەوا و یاسایی بن، پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێك بكرێت، ئەگەرنا شایستەی ئەوەیە شۆفێران تانەی لێبدەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دەبێت سەرەتای دەستپێكردنی كامێرەكانی (پۆینت توو پۆینت) بە هێما شۆفێران وریا بكرێنەوە سەبارەت بە بوونی كامێرەكە و ماوەی بەكاربوونی كامێراكە.

هەروەها باسی ەوەكردووە، پێویستە خێرایی ڕێگە بە بەردەوامی و لە پێش و ناوچەی نێوان كامێرەكاندا بە هێما یان نووسینی سەر ڕێگە دیاری بكرێت تا شۆفێران بزانن دەبێت بە چ خێراییەك ئوتومبیل لێبخوڕن، چونكە خێرایی ڕێگەی دوكان لە هەموو ناوچەكاندا یەك خێرایی (١٠٠كم/سەعات) نییە.

وەك هەڵكەوت عەبدوڵا وتویەتی، بە ڕوونی شۆفێران ئاگاداربكرێنەوە لەوەی ڕێژەی سەرپێچی كامێرەكان چۆن ئەژماردەكرێت: وەرگرتنی تێكڕای خێراییەكان، یان بەكارهێنانی بەرزترین خێرایی سەرپێچیكراو، یاخود كۆی ژمارەی سەرپێچییەكان.

ناوبراو دەڵیت، هەنگاوەكە هەموو شۆفێران (بەرپرسان و هاوڵاتیانی ئاسایی) بگرێتەوە و هیچ سەرپێچییەك لە سیستەمی تۆماركردندا نەسڕێتەوە تا دادپەروەری لە جێبەجێكردندا لەئارادا بێت، وێنەی ڕوونی سەرپێچییەكە بگیرێت بۆ دەرخستنی كەسی سەرپێچیكار و دیاریكردنی جۆری سەرپێچییەكە.



PM:04:13:29/05/2023