667 تۆمەتباری بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەكرێن


لەماوەی چەند مانگێكدا  667 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان دەستگیركراون و دەستیش گیراوە بەسەر چەندین كیلۆ مددەی هۆشبەر.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لە رێكەوتی 23ی كانوونی دووەمی 2023 تا 22ی ئایاری 2023 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكانەوە توانراوە 667 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان دەستگیر بكەن كە لەو ژمارەیە 285 كەسیان بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی ماددەهۆشبەرەكان دەستگیر كراون  كە ژمارەیەكیان گەورەبازرگانن.

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، هاوكات دەستیان گرتووە بەسەر 45 كیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر كە پێكهاتوون لە (34.161 كیلۆگرام كریستاڵ، 1.5 كیلۆگرام هیرۆین، 3.960 كیلۆگرام حەشیش، 4.585 كیلۆگرام تلیاك، 374 گرام جامایكا، 500 گرام ماریجوانا).

لە راگەیەنراوەكە باس لەوەكراوە، دەستگیراوە بەسەر 530 كیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری كاپتاگۆن و 2774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 كیلۆگرام دەرمانچای كە تێكەڵ كراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین، سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیركراو پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كراون.



PM:06:14:29/05/2023