جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداریی دەدات لەوەی ئۆباڵی ئافات و گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێک لە سلێمانی، لە ئەستۆی بانکی هەرێمە.
دکتۆر هێرش سەیدسەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە بانگەوازێکدا, هۆشداریی دەدات و دەڵێت " لە ماوەی شەش مانگ لە كۆی ٣٠ ملیار دینار كە پێویست بۆ بانكی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بكات، تەنها ٥ ملیار دیناری خەرج کردوە كە خەرجی تەنها مانگێكە، بۆیە نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی ئەگەر ببێتە هۆكاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش، ئۆباڵەكەی ئەخەینە ئەستۆی بەڕێوەبەرانی ئەو بانکە".
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەن.
هەروەها دەشڵێت " بانکی هەرێم نەیتوانیوە و نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشتوگوزاردا بكات و هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابین كردوە بێ ئاگا لەوەی لە ئێستادا چارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەمو پرسەكانی ترە و پێویستی بە هاوكاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە كە بۆی دانراوە ئەمە لەكاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابین كردنی پارەی پێویستی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم و بانكەكانی سلێمانی".
کێشەی نەبوونی پارەی پێویست بۆ بواری تەندروستی سلێمانی کێشەیەکی کۆنەو چەند ساڵە ناوبەناو سەر هەڵدەداتەوە.