"رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تەواو بوون"

وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری؛ لەبارەی کۆتاییهێنان بەو دۆسیانەی هەردوولا لەدژی یەکتری تۆماریان کردبوو کۆبوونەوە.


بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان هەردوولا لەبارەی کۆتاییهێنان و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیانە گفتوگۆیان کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەدژی یەکتر تۆماریان کردبوون.


ڕاشیگەیاند، "سەبارەت بە نەوتی هەرێم گفتوگۆیان کردووە و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تەواوبوون".


هەر بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیش، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی چارەسەركردنی كێشە یاساییەكانی ئەو كۆمپانیا نەوتییانە كراوە كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.


بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس دۆسیەی نەوتی هەرێم لای بەغدایە و گرێبەستەکانی نەوتیش بەغدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.




PM:02:50:30/05/2023