بانکی ناوەندی: دینار دراوی نیشتمانی ئێمەیە و پێویست ناکات بە دۆلار مامەڵە بکەین

جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەشی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت" دینار دراوی نیشتمانییە و پێویست بە مامەڵەکردن بە دۆلار ناکات". 

محەمەد یونس جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەشی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی عێراق، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند" بازرگانانی بچوک کە مافی چوونە ناو پلاتفۆرمەکەیان نییە، ئەوانەن کە دۆلار دەکڕن و بە نرخێکی هاوتەریب مامەڵە دەکەن و فشاری دەخەنە سەر و خواستێکی بۆ دروست دەکەن، بەڵام کۆمپانیا بازرگانییەکانی دیکە دەچنە ناو پلاتفۆرمەکە و گواستنەوەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجام دەدەن و بە نرخی فەرمی". 

وتیشی" ئەندامانی لیژنەی پشتیوانی لە دیناری عێراق پەیوەندی لەگەڵ خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و بانکی ناوەندی بۆ پاڵپشتیکردنی دینار و سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و ڕێگریکردن لە مامەڵەی نافەرمی، چونکە پێویست ناکات لە عێراق مامەڵە بە دۆلار بکرێت". 

جەختیشی لەوە کردەوە، ئەوانەی لە بازاڕدا یاری بە دۆلار دەکەن یاسا پێشێل دەکەن، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە ئەنجام دەدرێت. 


PM:06:47:31/05/2023