نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریکرا

نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی ڕابردوو دیاریکرا و پێشبینی دەکرێت لە سلێمانی بۆ ئەم مانگە پارەی کارەبا وەرنەگیرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بە میدیاکانی ڕاگەیاند" مانگی ڕابردوو لە سلێمانی کاتژمێرەکانی کارپێکردنی مۆلیدەکان کەمبووە کە ٢٥ بۆ ٣٠ کاتژمێر کاریان کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە لە سلێمانی بە هەزار دینار دیاریبکرێت، ئەگەر بڕی پارەکە بەو جۆرە کەمبێت لە هاوڵاتییان وەرناگیرێت و لەگەڵ مانگی داهاتوودا وەردەگیرێت. 

لای خۆشییەوە ئەندامێکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ڕایگەیاند" مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی ڕابردوو ١٠٠ کاتژمێر کاریان کردووە و پێشبینیدەکرێت نرخی یەک ئەمپێر لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار دینار بێت".


PM:04:12:01/06/2023