تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێندرایەوە

‌وێنەیەکی زۆری مادەی هۆشبەر- ئەرشیف
ئەمڕۆ شەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تیمەکانیان لە چەند چالاکیەکدا، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وردو گرتنەبەری رێکارەیاساییەکان، لە سێ رۆژی سەرەتای ئەم مانگەتوانیویانە سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە شاری کەرکووک بە هاوکاری پۆلیسی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک دەستگیربکەن".

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژە بەوەشکراوە، لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و لە چالاکییەکی دیکەدا، تواندراوە سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر بەبڕی دوو کیلۆگرام کریستاڵەوە دەستگیربکەن لە شاری هەولێر کە یەکێکیان خەڵکی شارۆچکەی قەڵادزێیە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرایکردووە، بەهۆی ئەم دوو چالاکییەوە، تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووکیان هەڵوەشاندووەتەوە و تەواوی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکانیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣  ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی چوار مانگی رابردوودا، دامەزراوەکانیان ٦٦٧ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکردووە و دەستیان گرتووە بەسەر ٤٥ کیلۆ و ٨٠ گرام ماددەی هۆشبەر، پێنج سەد و ٣٠ کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن، دوو هەزار و ٧٧٤ شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و ٧٠ کیلۆگرام دەرمانچا، کە تێکەڵ کراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین.

رۆژی ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٣ـش ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای دیالە، لە هەڵمەتێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی تواندرا سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن.



PM:10:15:03/06/2023