حاجی مەسیفی:بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەفسەرەکانی یەکێتی دۆخی هەرێم ئاڵۆز دەکاتەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکیتی لەسەر دۆسیەی هاوکار جاف دێتە دەنگ و دەڵێت"نازانین کێ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف کردووە کە ئەفسەرێکی یەکێتی بووە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە کراوە و بڕیارەکە دەرکراوە".

حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دەرکردنی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ فەرماندەی گشتی دژەتیرۆری یەکێتی لەلایەن دادگای هەولێرەوە کارێکی باش نەبووە".

وتیشی"بڕیارەکە جارێکی تر خەڵکی توشی دڵەڕاوکێ کردووەتەوە و ئەو ئومێدانەشی لەباربردووە بۆ باشبوونی دۆخی هەرێم و پێدەچێت دۆخەکە ئاڵۆز ببێتەوە".

حاجی مەسیفی ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە لەگەڵ یاساین، بەڵام نازانین کێ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف کردووە کە ئەفسەرێکی یەکێتی بووە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە کراوە و بڕیارەکە دەرکراوە، کێشەش بەو شێوەیە چارەسەر ناکرێت. 

ڕونیشیکردەوە ، هەر بڕیارێک لەسەر بنەمای باتڵ بدرێت گونجاو نییە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هاوکار جاف کراوە و ئێمە بڕوامان پێی نەبووە، با پێکەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست بکەین، دواتر دادگا هەر بڕیارێکی دا با بیدات.



AM:12:35:05/06/2023