ئاسایشی هەولێر سەبارەت بە "گیانلەدەستدان"ی گەنجێك لەئاسایش روونكردنەوە دەدات


بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، بەلایانەوە ئاساییە لێژنەی لێكۆڵینەوە لە سلێمانی یان لە بەغداشەوە بچن بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری "گیانی لەدەستدان"ی گەنجێكی شاری هەولێر.

دوێنێ و ئەمڕۆش مەڵبەندی یەكێتی لە شاری هەولێر یڵاویانكردەوە "كوڕە شەهیدێكی یەكێتی دوای بانگكردنی بۆ بنكەیەكی ئاسایشی هەولێر كوژراوە و دواتر رادەستی كەسوكاری كراوەتەوە".

لەو بارەیەوە بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە میدیاكانی پارتی راگەیاندووە "ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە دیارە لە ماوەی رابردوو چووەتە سەر خەڵك و كێشەی هەبووە، داوا كراوە بێتە بنكەی ئاسایش تاكو بزانرێت كێشەكەی چییە؟ لە كاتی لێكۆڵینەوەدا باری تەندروستی تێكچووە، یەكسەر رەوانەی نەخۆشخانە كراوە، بەڵام گیانی لەدەستداوە. دواتر رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە".

ناوبراو ڕوونیكردۆتەوە "پاش ئەوەی كەسوكاری گەنجە كۆچكردووەكە داوایان كردووە لێژنەیەكی پزیشكی لە سلێمانییەوە بێت و لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بكات، ئێمەش ڕێگەمان پێداون و لێژنەكە ئەمڕۆ هاتوون، چاوەڕێین راپۆرتی خۆیان بخەنە ڕوو، دواتر ئێمەش بەیاننامەمان دەبێت".

دوێنێ بە وتەی سێ لە کەسوکارەکەی دەڵێن" لە کاتژمێر  ١٢نیوەرۆ لەلایەن هێزێکی ئەمنی لە شاری هەولێر لەسەر کارەکەی  دەستگیردەکرێت، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگاداری کەسوکارەکەی دەکەن کە تەرمەکەی لە پزیشکی دادی هەولێر وەربگرنەوە".

هەروەها دەشڵێن" زیرەک شەهید عەلی محەمەد، کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و نەخۆشیشی نەبووە".





PM:12:28:07/06/2023