باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پێویستە لە زووترین کاتی گونجاودا هەڵبژاردنی هەرێم بکرێت

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دەباشان کۆبووەوە و لە دیدارەکە باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم و دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی هەرێم و عێراق کرا. 

لەمبارەیەوە ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە" خۆشحاڵ بووم بە دیداری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی ئابوری و ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پێشکەوتنەکانی ریفۆرمی بواری پێشمەرگە کرا کە ئەمەریکا پاڵپشتی دەکات". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکەدا جەخت لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم کرایەوە کە پێویستە لە زوترین کاتدا ئەنجام بدرێت. 

لای خۆشیەوە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین، بەڵام هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دور لە دەستوەردان، ئەمەش بە یاسایەکی نوێ و کۆمسیۆنێکی بەهێز دەکرێت نەک یاسایەک دەرفەت بۆ هەڵبژاردنێکی روکەش بڕەخسێنێت، ئێستاش کات ماوە و دەتوانرێت بە سازان پرسەکە یەکلای بکرێتەوە کە ئەمەش خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە".

‏‎دەشڵێت" بەداخەوە سەروەری دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر پرسیاردایە و حزب دەستوەردان لە کارەکاندا دەکات، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە و دەبێت رێگری لێبکرێت". 


PM:10:22:07/06/2023