"ئەندامانی لیژنەی دارایی مافە دەستووری و یاساییەکانیان تێپەڕاندووە کە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە"

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر رەتکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی لەبارەی ماددەی ١٤ کردەوە و رایگەیاند، ماددەی چواردەی بودجە وەک ئەوەی لە حکومەتەوە هاتووە پەسەند دەکرێت.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە میدیاکانی پارتی راگەیاند، "هەندێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی بە گۆڕانکاری لەو ماددانەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، مافە دەستووری و یاساییەکانیان تێپەڕاندووە کە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە".

لەبارەی رێککەوتن لەسەر پەسەندکردنی ماددەی ١٤، مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی دارایی ناتوانێت رۆحی ماددەکان بگۆڕێت و بۆیە ناوەڕۆکی هەر ماددەیەک دژی یاسا و دەستووربێت، رەتدەکرێتەوە و پەسەند ناکرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکن لەوەی ماددەی ١٤ بەو ناوەڕۆکەی لە حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت.

هەروەها مەحما خەلیل جەختی لە رێککەوتنی لایەنەکان و کۆدەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی تێپەڕاندنی ماددەی ١٤ کردەوە.





PM:09:07:10/06/2023