لە هەرێمی کوردستان هەزار و ٢٠٠ کارمەندی کۆمسیۆن بە گرێبەستی هەمیشەی دادەمەزرێن

لە ھەرێمی کوردستان ھەزار و ٢٠٠ کارمەندی کۆمسیۆن بە گرێبەستی ھەمیشەی دادەمەزرێن، بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت" ھەر گرێبەستێک دوای دوو ساڵ دەبێتە ھەمیشەی". 

خالید عەباس بەڕێوەبەری ئوفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە مالپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند" دوای دەرچوونی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دامەزراندنی کارمەندانی گرێبەستی کۆمسیۆن ئێستا دەست بە بە هەمیشەیکردنی گرێبەستی کارمەندانی کۆمسیۆن کراوە و بڕیارەکە خراوەتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی گرێبەستی کاتی ئەو کارمەندانە بگۆڕین بۆ گرێبەستی ھەمیشەی ئەویش بەپێی خزمەتی کارمەندەکان لە کۆمسیۆن". 

وتیشی" لە سنوری پارێزگای دھۆک ٢٧٣ کارمەندی کۆمسیۆن گرێبەستی کاتییە و لە ھەرێمی کوردستانیش ھەزار و ٢٠٠ کارمەندی گرێبەستی کاتی ھەیە، ئەوانە ھەموویان بەپێی بڕیارەکە دەبنە گرێبەستی ھەمیشەی". 

خالید عەباس ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڕیاری حکوومەتی عێراق ھەر گرێبەستێک خزمەتەکەی بگاتە دوو ساڵ لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێتە ھەمیشەی، ئەوەش سوودی زۆری ھەیە بۆ ئەو کارمەندانەی گرێبەستن و لێیەوە سوودمەند دەبن.


PM:01:35:11/06/2023