وەزیری ناوخۆی هەرێم بۆ دۆسیەی حزبە رۆژهەڵاتییەکان لە ئەمەریکایە

‌رێبەر ئەحمەد و نوێنەری حکومەتی هەریم بەیان سامی لە ئەمەریکا.. وێنەکە سایتی پارتی

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم بە سەردانێک گەیشتۆتە ئەمەریکا، بەپێی زانیارییەکانی " سپی "، یەکێک لە دۆسیە سەرەکییەکانی ئەو سەردانە دۆسیەی پڕ کێشەی مانەوەی حزبەکانی رۆژهەڵاتە لە هەرێمی  کوردستان.

میدیای فەرمی پارتی بڵاویکردەوە کە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١١ ی حوزەیران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتۆتە ئەمەریکا و بڕیارە لەو سەردانەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکی کۆببێتەوە لەنێوانیاندا وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی گەنجینە و کۆشکی سپی، هەروەها ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا و دامەزراوەکانی دیکە.

ئەم سەردانەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم بۆ ئەمەریکا، دوای ئەو سەردانەی ناوبراو دێت کە مانگی رابردوو لەگەڵ قاسم ئەلعەرەجی راوێژکاری ئاسایشی عێراق و نوێنەرێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی تارانیان کردو لەسەر دۆسیەی ئەمنی سنورەکانی ئێران و عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، سەردانەکەی رێبەر ئەحمەد بۆ ئەمەریکا بۆ زانینی رای ئیدارەی ئەمەریکایە لەسەر دۆسیەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان.

پێشتر رۆژی ١٩ ئازاری ٢٠٢٣ لە سەردانێکی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران، عەلی شەمخانی بۆ عێراق لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، قاسم ئەلئەعرەجی بە ئامادەبوونی سودانی سەرۆک وەزیران رێککەوتنێکی ئەمنیان لە بەغدا واژۆ کرد، هەرچەندە وردەکاری رێککەوتنەکە بڵاونەکراوەتەوەو تەنها ئاماژە بۆ پاراستنی سنورەکانی ئێران کراوە، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاری، ئێران مەرجی دوورخستنەوەی ئەو حزبانە لەسنورەکەی و چەک داماڵین و کۆکردنەوەیان لەناو کەمپدا، خستۆتە بەردەم بەرپرسانی عێراق و بۆتە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە، ئەو هەنگاوانەش دەبێت هێزەکانی حکومەتی هەرێم و هەردوو پارتی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی جێبەجێیبکەن، ئەگەر ئەوان ئەنجامیان نەدا، لەو حاڵەتەدا لە رێگای هێزە عێراقییەکانەوە جێبەجێدەکرێت.

لەو سەردانەی وەفدی هەرێم کە نوێنەرانی هەردوو لایەن، پارتی و یەکێتی تێدابووە لەگەڵ ئەلئەعرەجیشدا بۆ تاران، بەرپرسانی ئێرانی مکوڕبوون لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە. ئەم سەردانەی ئێستای رێبەر ئەحمەدیش هەر دوای سەردانەکەی ئێران بڕیاری لەسەر دراوە.

چاودێران پێشبینی دەکەن هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لەبەردەم کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسی و ئەمنی گەورەدایە کە سەرچاوەکەی لە ئێرانەوە دەستپێدەکات، ئەو وڵاتە دەیەوێت هەمان سیناریۆی دەرپەڕاندنی موجاهیدینی خەلق لە عێراق لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو، لە هەرێمی کوردستانیش بەرامبەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دووبارە بکاتەوە.  



PM:01:44:12/06/2023