شاخەوان عەبدوڵا: پارتی لە بودجەی گشتی عێراق کە پەسەندکراوە ناڕازییە

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پارتی دیموکراتی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق کە پەسەندکراوە ناڕازییە بەھۆی ئەو دەستکاریانەی کراون، بەڵام دەنگمان پێدا بۆ ئەوەی بزانین کە حکومەتی عێراق تا چەند پابەندی ئەوەش دەبێت کە پەسەندکراوە"، جەختیش دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر ئەوەی پێویستە لە پارەی زیادەی نەوت پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بەرێژەی (١٢%) بدرێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاند" پارتی ناڕازییە لە کۆی ئەو رێککەوتنانەی کراوە لەبارەی پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتی، بەڵام ئێمە دەنگمان بە پڕۆژە یاساکە دا بۆ ئەوەی بزانین کە حکوومەتی عێراق تا چەند پابەندی ئەو بودجەش دەبن کە بەو شێوەی ئێستا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە".

وتیشی" ئێمە دڵنیایین کە ئەو بڕگەیەی تایبەت بە پاشەکەوتی مووچە لەناو پەرلەمان دەنگی ھێناوە و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران (١٢%) جێگیر بکرێت، کە پێشنیارکراوە لە ھەر پارێزگایەک نرخی نەوت گەیشتە زیاتر لە (٧٠) دۆلار بۆ بابەتێک خەرج بکرێت و ئێمەش داوامان کردووە لە ھەرێمی کوردستان بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە خەرج بکرێت".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت" پارتی زۆر ھەوڵی دا بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق واژۆ کرابوو بەو جۆرە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت، بەڵام ھەندێک لایەن دەستکاری بوودجەیان کردوو گۆڕانکاریان لە ھەندێک بڕگە و ماددە کرد، کە پارتی و بەشێک لە فراکسیۆنەکانیش دژی ئەو گۆڕانکاریانە بوون، بەڵام دواجاریش پەسەندکرا". 

بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرجەم مادەكانی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی پەسەند كرد و بڕیارە ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار بکرێت.

پرۆژە یاساكە بۆ هەر ساڵێك نزیكەی ١٩٩ ترلیۆن دینارە و پشكی هەرێمی كوردستان نزیكەی ١٦ ترلیۆن دینارە، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی سۆمۆ بكات.

هەروەها لە كۆبونەوەکەدا ماددەی تایبەت بە گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەنگی پێویستی نەهێنا و رەتكرایەوە.


AM:11:24:13/06/2023