نێچیرڤان بارزانی: پێویستە ياساى بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێبکرێت

کەمێک پێش ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) پەیامێکی لەبارەی پەسندکردنی بودجەی گشتی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێویستە دڵنیای تەواو هەبێت شايسته‌ داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن". 
 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات" پێشوازى لە پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵي عێراق دەکەین، هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكه‌وتنى ئابوورى و سەقامگیری سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات، دەستخۆشی لە هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ين کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیيان و یەکسانی خەڵکی عێراق کاریان کرد".
 
دەشڵێت" جێگەی داخه‌ لە گفتوگۆکانی په‌رله‌ماندا، هەندێ له‌ پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد، ئه‌وه‌ى ڕوويدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ڕێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا نايه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ئاراسته‌ و شێوه‌يه‌ له‌ كاركردن، خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ى سياسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناكات". 
 
بارزانی لە پەیامەکەیدا داواش دەکات ياساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و ڕەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی دەستووری و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكات و ماف و بەرژەوەندیيەکانيان بپارێزێت. 

جەختیش دەکاتەوە، پێویستە دڵنیای تەواو هەبێ لەوەی شايسته‌ داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.
 
ڕاشیگەیاندووە" ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیمان، مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌ و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییه‌ى سه‌لماند كه‌ دابه‌شبوونى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان زيان به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت، وێڕاى ئه‌مه‌ش بە ویستى سیاسی هاوبەش و به‌ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی، دەتوانین ئه‌مه‌ بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژیيەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان". 


AM:11:39:13/06/2023