"ڕەنگە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تا ساڵی داهاتوو ئەنجام نەدرێت"

‌وێنە.. پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کە ڕۆژی ٨ی ١٠ی ٢٠٢١ بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو
ئەندامێكی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بڕیارە کۆمسیۆن له مانگی ١٢ی ئەمساڵدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکات، بەڵام ئەوکاتەی سەرۆکی هەرێم بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم دیاریکردوە زۆر نزیکە و ڕەنگە کۆمسیۆن بڕیار بدات ئەو هەڵبژاردنانە لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامبدرێن". 

خالید عەباس بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆکی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە ١١ی مانگی شەشی ٢٠٢٣ سەبارەت نادەستووری بوونی بڕیارەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات و سەرپەرشتی بکات". 

وتیشی" لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوێنێ یەکشەممە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر کۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا دەتوانێت ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێکبخات یان نا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای چەند کۆبونەوەیەک، کۆمسیۆن گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێکبخات، ئەگەر نا ئەوا کۆمسیۆن وادەیەک پێشنیاز دەکات لە مانگی چوار یان پێنجی ساڵی داهاتوو، دەبێت لەسەری ڕێکبکەون و پاشان لە داهاتوودا کۆمسیۆن ئامادەکارییەکان دەکات. 

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کۆبووەوە و بە پێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی هەرێم بارزانی داوای کردووە هەرچی زووترە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت. 


AM:08:36:19/06/2023