وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەسەر گیان لەدەستدانی نەخۆشێكی ئافرەت لەشاری هەولێر، لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش و بەدواداچوونی بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی نەخۆشێكی ئافرەت، هەروەها لەژێر ڕۆشنایی یاسای مافی نەخۆش ژمارە (4) ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێكۆڵینەوە ژمارە (16) ساڵی 2022 بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لێژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسی مردنی نەخۆشێك لەشاری هەولێر بەچاودێری و ئامادەبوونی دادوەری نوێنەری داواكاری گشتی بۆ بەدواداچوونی زانستی و یاسایی و ئاشكراكردنی دەرەنجامەكان بۆ ڕای گشتی".
دوێنێ كەسوكاری ژنێك لە شاری هەولێر بە هەندێك میدیایان راگەیاند "بەهۆی كەمتەرخەمی پزیشكێكەوە، كچەكەیان دوای منداڵبوون گیانی لەدەستداوە، بۆیە ئەوانیش سكاڵایان لەسەری تۆمار كردووە".