زانیاری ورد لەسەر ژیانی ئەڤین کە لەلایەن مێردەکەیەوە لە هەولێر کوژرا


هونەرمەندێکی میللی دیاری هەولێر زانیاری ورد لەسەر ئاهەنگی ئەڤین و هاوسەرەکەی بڵاودەکاتەوە کە ئەمڕۆ سێ شەممە هاوسەرەکەی کە ناوی (‌هە..) چۆتە بەر ماڵەکەیان لە گەڕەکی ئەندازیارانی هەولێر و بە چەکی کڵێ‌شنکۆف تەقەی لێکردوون و هاوسەرەکەی کوشتووە و خوشکەکەشی بە سەختی بریندار کردووە.

هونەرمەند دلێر عەبدولقادر کە هونەرمەندێکی میللیەو هۆڵی ئاهەنگێرانیشیان هەیە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسوویەتی " رۆژی ١٠/٣/٢٠٢٣ کە ) رۆژی شەممە بوو، واتە سێ مانگ و دە رۆژ بەر لە ئیستا ئەو دوو گەنجە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان لای ئێمە لە هۆڵەکەماندا بوو".

بەپێی ئەو وەسڵەی کە واژووی هاوسەرە تۆمەتبارەکەی لەسەرە، ٢٢٥ وێنە لە ئاهەنگەکەدا گیراوە.

ئەو هونەرمەندە وێنەیەکی نەبینراوی ئەو دوو هاوسەرەشی بڵاوکردۆتەوە.

دوای رووداوەکە ئاسایشی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" تاوانبار خۆی رادەستی هێزەکانی ئاسایش کردووە". 

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە" شەوی ڕابردوو تۆمەتبار (هە ، ڕ ، ی) بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە گەڕەکی ئەندازیارانی شاری هەولێر هێرشیکردە سەر ماڵی خەزووری و بە چەکی جۆری کلاشنکۆف دەستڕێژی گولەی کردووە". 

ئەوەش هاتووە" لە رووداوەکەدا هاوسەرەکەی بە ناوی (ئەڤین) کوشتووە و خوشکی هاوسەرەکەشی بە ناوی (پەیمان) بریندار کردووە". 

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە" تۆمەتبار (هە ، ڕ ، ی) خۆی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کردووە، هەروەها ئەو تۆمەتبارەی کە چەکەکەی بە تۆمەتبار (ه، ڕ) داوە لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستگیرکراوە".



PM:04:55:20/06/2023