لە لێواری کەمپی زۆرە ملێ و پەرتبوونێکی تری کۆمەڵە لێکنزیکبوونەوەی ئامۆزاکان

‌وێنە.. کاتی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەلآت


شەوی رابردوو ٢٠ ی حوزەیران بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کورستانی ئێران، شەوێکی تەواو جیاواز بوو، کاتێک کە ناکۆکییەکان گەیشتنە لوتکەو بەیانی خەڵکی کوردستان جارێکی تر بەسەر هەواڵی دوو لە تبوونەوەی ئەم یەکگرتنەوە حەوت مانگییەدا خەبەری بووەوە.

بەپێی بە دواداچوونەکانی ماڵپەڕی " سپی " کێشەی هەڵوەشانەوەی ئەم رێککەوتنە بەپلەی یەکەم پەیوەندی بە کێشەی رێکخراوەییەوەو چۆنێتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەوەکەوە هەیە، هەرچی لایەنێکی تری کێشەکەش پەیوەندی بەو لێکتێگەیشتنەوە هەیە کە عەبدوڵای موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کورستانی ئێران لەگەڵ کوڕەکەی شای پێشووی ئێران کە ناوی رەزا محەمەد پەهلەویە، لە وڵاتی کەندا لەسەردەمی گەرمەی شۆڕشی ژینا ئەمینی گرێی داوە.

ماوەیەکە کادیرەکان و بنکە حزبیەکانی هەردوولایەنی کۆمەڵە تێبینیان لەسەر رێککەوتنەکە هەیە و بەرێککەوتنی سەرەوەی حزب و رێککەوتنی نێوان عەبدوڵای موهتەدی و عومەری ئەلیخانیزادە ناوزەدەی دەکەن.

هەندێک راڤە هەیە لەناو هەردوو کۆمەڵە کە یەکگرتنەوەکە " سروشتی نەبووە "و بەهۆی شۆڕشی ژینا ئەمینییەوە پەلەی تێکراوەو رێگا نەدراوە رێچکە سروشتییەکەی خۆی قۆناغ بە قۆناغ بچێتە پێش و پێبگات.

هاوکات جگە لەم فاکتەرە، کادیرانی کۆمەڵە پێیانوایە کە یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کورستانی ئێران، حوکمی بنەماڵە لە نێو ئەو یەکگرتنەوەیەدا بەهێز دەکات بەتایبەتی کە عەبدوڵای موهتەدی و عومەری ئیلخانیزادە یەک بنەماڵەن و ئامۆزازای یەکترن.

شێوازی رێکخراوەی یەکگرتنەوەی هەردوو حزب لەلای کادیرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کورستانی ئێرانیش کێشەی هەیە، بەڵام بەو پێیەی عەبدوڵای موهتەدی زیاتر پێگەی لە حزبەکەدا جێگیرەو لەسەر ئاستی ناوخۆی حزب و لەسەر ئاستی دەرەوەش ناسراوترە، هاوشێوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کێشەکانی تێدا نە تەقیوەتەوە.

ئەوەی روویدا بەیانی ئەمڕۆ ٢١ی حوزەیران كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانەوە راگەیەنراوێكی بڵاوکرایەوە تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە کرد کە "هاوڕێ عومەری ئیلخانیزادە ئەمشەو رێكەوتی  ٢١ی ژوئەن بەرانبەر بە ٣١ ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢ ی هەتاوی لە ماڵەكەی خۆی لە ئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆ دراوە". ( بەبێ ناونهێنانیان لەلایەن زۆرینەی کادیرانی سیاسی و سەربازی حزبەکەیەوە گەمارۆدراوە ).

سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەبێ سکرتێرەکەیان، عومەری ئەلیخانیزادە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەو هەواڵە رەتدەکەنەوەو دەڵێن " ژمارەیەک نەیاری کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە کاک عومەر گەمارۆدراوەو  ڕێگەی لێ گیراوە خواردن بە کاک عومەر بگات. ئێمە سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە و ئەو جۆرە قسانەش بە قازانجی کۆمەڵە نازانین. و لەڕاستیدا ئەوە بە هەوڵێک بۆ تەماوی کردنی دۆخەکە و شاردنەوەی مەسئەلە سیاسییەکە دەزانین کە بنەمای سەرنەگرتنی یەکگرتنەوە بووە". 

هەروەها دەشڵێن "بە پێچەوانەی ئەو قسانەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، لە بەرەبەیانی ئەمرۆەوە چەن جار هەوڵی نانەوەی ئاژاوەو ئاڵۆزیان داوە کە ئەمەش مەترسیدارە و ئەگەری ڕوودانی تێکهەڵچوون زیاد ئەکات. ئێمە ئەم کردەوەیە بە توندی محکووم دەکەین و ڕایدەگەیەنین لە ئەگەری ڕوودانی ھەر رووداوێک، کاک عەبدوڵا موھتەدی و رێبەریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بەرپرسیارن و دەبێ وەڵام دەرەوە بن".

ئێستا تۆپە ئاگراوییەکە لە ماڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و عومەری ئیلخانیزادەدایە، کە یان رێکخراوەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، یان لەیەک جیادەبنەوە، لێکجیابوونەوەکەش بەهەردوو رووەکەدا کراوەیە، یان بە ئاقارێکی پشێووی و توندتیژدا دەڕوات، یان بە هێمنی لەیەک جیادەبنەوە.

هەرچی کێشەکانی ماڵی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کورستانی ئێران و عەبدوڵای موهتەدیە بەرەو ئارامبوونەوە دەڕوات بەتایبەتی سروشتی رێکخراوەکەو کۆبوونەوەی زۆربەی سەرداوەکانی ژیانی حزبایەتی لەو رێکخراوەدا لە دەستی عەبدوڵای موهتەدیدا کۆبۆتەوە.

هەموو ئەم روودانە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی رێککەوتنێک کە ١٩ ی ئازاری ئەمساڵ لەگەڵ عێراق واژووی کردووە، دەبێت حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنور دوربخرێنەوەو چەکبکرێن و لەماوەی شەش مانگدا لە سێ کەمپ، دوان لە هەولێر و یەکێکان لە سلێمانی، لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوەیکگرتووەکاندا کۆبکرێنەوە.








PM:10:49:21/06/2023