هۆشیار زێباری: هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم

هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" هەوڵ هەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ئەم هەوڵە چڕتریش بووەتەوە". 
 
له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا لەگەڵ كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو، هۆشیار زێباری باسی پێگەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دادگای فیدراڵی، هەڵبژاردن و زۆر بابەتی دیکەش دەکات لەگەڵ ئەو "لوغمانەی" لە نێو بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دانراون، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بودجە پڕە لە مین بۆ هەرێمی کوردستان".
 
له‌باره‌ی پێگه‌ی هه‌رێم و هه‌وڵه‌كان بۆ لاوازكردنی زێباری ئاماژەی بەوەکرد" ئەم هەوڵە هەیە و چڕتر بووە، لە راستیدا زۆر هۆکاریش هەن، بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەداخەوە ئەمانەی لەسەر دەسەڵاتی عێراقن ئێستا، بە ناوی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان بە ناوی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی شیعی، ئەو پابەندبوونانەی بە نووسراو رێکککەوتنی لەسەر کرابوو، وەک بڕیارێکی سیاسی بۆ دامەزراندنی ئەم حکومەتەی سودانی، پابەندی نەبوون. دووەم، رێککەوتنێکی دیکە لەسەر ئاستی هەردوو حکومەت کرابوو کە بەویشەوە پابەند نەبوون، ئەو وادەیەی بە سەرکردایەتیی ئێمە درا پێیەوە پابەند نەبوون، لەبەرئەوە کاتێک بودجە چووە پەرلەمان و دەنگی لەسەر درا، روونبووەوە کە بەداخەوە خاوەنی پابەندیی خۆیان نین، ئەمە ئاماژەیەکی بەهێز بوو بۆ ئێمە، کە دەبێت خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی خۆمان بکەین".

وتیشی" مەسەلەی بودجە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە و قسەم زۆر لەسەر بودجە هەیە، بەڵام ئەو بەشەی دەستنیشانی کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، پڕە لە ئەلغام (مین)، یانی وا بە سادەی چاوی لێ ناکەین و نایخوێنینەوە، چونکە بە خوێندنەوە و بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کردوویانە، دەزانن چی دەکەن؟ هەر وەکو جەنابت فەرمووت، ئەم هەوڵانەی هەر لە سەرەتاوە بەردەوامبوون، دەگەڕێنەوە سەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم هەرێمە بە خەبات و خوێنی زۆر دروستبووە، ئاکامیشی ئەوە بووە مافەکانی ئێمە لەم دەستوورەدا دەستنیشانکران، رەوایی تایبەتی فیدراڵی چییە؟ هی هاوبەش چییە؟ هی هەرێمی کوردستانیش چییە؟ هەموو ئامانجەکان ئەوەیە ئەم دەستوورە بگۆڕن، چونکە بۆچوونیان ئەوەیە؛ نابێ عێراق بە دەسەڵاتێکی فیدراڵی بەڕێوەبچێت، دەبێت بە دەسەڵاتێکی ناوەندی بێت، یانی ئەو خەبات و ئەو کارەی کاتی خۆی کردمان، بۆ ئەوە کردمان عێراق جارێکی دیکە نابێ بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەت، تاکڕەوی، یەک کەسی، یەک حیزب و یەک نەتەوە، بەڵام بەڕاستی ئەم بۆچوونە بەرەو ئەوە دەچێت لە بەغدا". 
 
ڕاشیگەیاند" هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، ئەم گوشارە هەر لێرە ناوەستێت، لە بودجە، نەوت، بابەتی دەرمان و شایستە داراییەکانی جووتیاران کە سەرەتاییترین شتن، جیاوازی دەکەن، یان مەسەلەی دەرمان ئەگەر پرسیار لە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بکەن، دەبینن جیاوازی هەیە، هەموو ئامانجیان ئەوەیە؛ ئەم قەوارەیە پووچەڵ یان کەم بکەنەوە، چونکە بە بۆچوونی هەندێکیان نەک هەموویان، بۆچوونێکی وا هەیە دەسەڵات ئێستا کەوتووەتە دەست ئێمە، سوننە لاواز و بڵاو بووە، تەنیا لایەنێک کە جۆرێک دژایەتی دەکات، بەرامبەرمان دەوەستێتەوە، ئەوە هەرێمی کوردستانە، هۆکارێکی دیکە، ناکۆکیی کوردە؛ کە بێگومان کەڵکیان لەم بۆشاییە وەرگرتووە و لایەنێکی ناوخۆ بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی دووبارە هەرێمی کوردستانی پێ لاواز بکەن، بەداخەوە کاتێک تەماشا دەکەین، دەبینین بۆ ئەوەیە ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان پەرت و بڵاو بێت، یەکگرتوو نەبێت و هەوڵی ئەوەش دراوە و دانی پێدا دەنێن. بەداخەوە ئەمە جێگەی داخە، وەکو کوردێک دەڵێم". 
 
هۆشیار زێباری دەشڵێت" پێشبینی شتی دیکەش دەکەم کە سبەینێ دەروازە سنوورییەکان کە ئەویش تابعەی ئێمە دەبێت، دەروازە سنوورییەکان نە رێگەی هاتوچۆ لە سنوورەکان، تا فڕۆکەخانەکانیش بە دەروازەی سنووری دەزانن". 
  
لەباره‌ی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، زێباری وتی" داواکارییەکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەیە بۆ مەکەتەبی سیاسی پارتی، کە لەم نزیکانەدا کۆببینەوە، لەو ماوەیەدا لەگەڵیاندا دادەنیشین، سەرجەم کێشەکان باس دەکەین، دەیخەینە سەر مێز، خەڵکی ئێمەش وریایە و هۆشیارە، بەدواداچوون دەکات، دەزانێت کێشەکە چییە، چارەسەرکردنەکانیش ئەمانەن، ئەگەر دێن وەرن پێکەوە با لە چارەسەر بگەڕێین، ئەگەر نا ئەم کێشانە هەر بەردەوامن".


PM:04:07:22/06/2023