سودانی کار و پرۆژەکانی شەش مانگی حکومەتەکەی ئاشکرادەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "یەکێک لە گرنگترین دۆسیەکان کە جێبەجێکراوە دەستپێکی وەشانی پێنجەمی پڕۆژەکانی نەوت و وەشانی شەشەمی پڕۆژەی وەبەرهێنانی غازە لە عێراق و دەشڵێت، "بەم زووانە کۆتایی بە پرسی هاوردەی غاز دەهێنین."

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "حکومەتی عێراق پێشەنگی کارەکانی لە کارنامەی وزاری داناوە و لە ماوەی شەش مانگی رابردوو بە بێ بودجە کاریان کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشەنگی کارەکانیان بەخشیوە بە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی بەهۆی گەندەڵی و چەند هۆکارێکی دیکە راگیراون.

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێك لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی کە جێبەجێکراون وەشانی پێنجەمی پڕۆژەکانی نەوت و وەشانی شەشەمی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی غازە لە عێراق و دەشڵێت، "٢٥ دامەزراوەی تەندروستی و ٤١٤ قوتابخانەیان لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق بنیادناوە ."

باسی لەوەشکرد، ٢٧٠ کیلۆمەتری رێگا دەرەکییەکانیان نۆژەنکردووەتەوە و رێگای بازنەیی یوسفییان کردووەتەوە و پاڵاوگەی کەربەلا دەکەوێتە کار و ساڵانە سێ ملیار دۆلار دەگەرێنێتەوە بۆ عێراق.

محەمەد شیاع سودانی روونیشیکردەوە، لە رێگەی بنیدانانی شاری نیشتەجێبوونەوە چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون دەکەن و ٥ لەو شارانەیان لە پارێزگای بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دروستکردووە.


PM:11:01:24/06/2023