ئینستتیوتی پەی: سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمان بە نایاسایی موچە و مینحە و نەسریە وەردەگرن

ئینستیوتی پەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ڕاپۆرتێکی لەبارەی پرسی نادەستوربوونی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" هەرسێ سەرۆكایەتیەكە (ضمنیا) بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ پەیوەستبوونی خۆیان بە بڕیارەكەوە دەربڕیوە". 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا رایگەیاندووە" بەپێی بەدواداچوونمان، ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرا بووە کە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە (ضمنیا) بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ پەیوەستبوونی خۆیان بە بڕیارەكەوە دەربڕیووە سەبارەت بە نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان". 

ئەوەش هاتووە" ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییش كە هەمیشە باس لە چاكسازی دەكەن، لەكاتێكدا بەهۆی نەبوونی بودجەوە ئێستا كە كۆتایی مانگی شەشە هێشتا موچەی مانگی پێنجیان دابەش نەكردووە، كەچی لە هەنگاوی یەکەمیاندا بە نایاسایی نەسریە و مینحەی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیان خەرج کرد و لە هەنگاوی دووەمیشدا موچە و ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیان وەك خۆی خستۆتەوە خشتەی موچەوە كە ئەمەش پێشێلێكی تری یاسا بەركارەكانە". 

دەقی ڕاپۆرتەکە: 

دوابەدوای بڕیارەكەی دادگەی فیدرالی سەبارەت بە نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئینستتیوتی پەی لە 2/6/2023 یادداشتێكی ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم فراكسیۆنەكان كرد و وێنەیەكیشی بۆ هەریەك لە سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و دەستەی دەسپاكی و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمدا ناردبوو، كە ناوەرۆكی یادداشتەكە بریتی بوو لە چۆنیەتی پابەند بوون بە بڕیارەكەی دادگەو یاسای چاکسازی و هەنگاوە پێویستەكان كە دەبوو بنرێن.

لە ئێستاشدا بەپێی بەدواداچوونمان، ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرا بووە کە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە (ضمنیا) بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ پەیوەستبوونی خۆیان بە بڕیارەكەوە دەربڕیوە سەبارەت بە نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. بە نمونە:

-سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەر دوای دەرچوونی بڕیارەكە، لەلایەن راوێژكارەكانییەوە لێدوان درا كە ئەم خولەی پەرلەمان لەرووی یاساییەوە كۆتایی هاتووە، هەروەها شاندێكی تایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم لە (٨/6/2023)  سەردانی دادگای فیدرالی و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقی كرد بەمەبەستی تێگەیشتن لە چۆنیەتی بڕیارەكە و تەفسیر كردنی و رێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دوابەدوای ئەمەش شاندێكی دادگەی فیدرالی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەمان مەبەست سەردانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیان كرد. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە وەک هەولێک بۆ تێگەیشتنی بڕیارەکەی دادگا و جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان.

-ئەنجومەنی وەزیران بەپێی یاسا و پەیرەو بۆی هەبوو پرۆژە یاسا بنێرێتە پەرلەمان، پرسیار وەلام بداتەوە و وەزیر بنێرێتە لیژنەکان، بەڵام لەراستیدا هەموو ئەم پرۆسانەی راگرتووە، نەک هەر ئەمە بەڵکو  بەپێی رێكکەوتنی حزبەكان بڕیاربوو هەندێك ئالوگۆڕ لە وەزیرەكاندا بكرێت، کە رێککەوتنی سیاسی لەسەر کرابوو و بە فەرمی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران خرابووە بەر باس، بەڵام ئەمەشیان راگیرا، چونكە پێیان وایە ئەم خولەی پەرلەمان لە رووی یاساییەوە بوونی نەماوە. كەواتە حكومەتیش ناراستەوخۆ دانی بە بڕیارەكەی دادگەی فیدرالیدا ناوە، هەر بۆیەش بەم شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەل پەرلەماندا دەكات.

-پەرلەمانی كوردستان (28) رۆژە هیچکام لەو ئەركانەی بەپێی یاساو پەیرەو بۆی دیاریكراون ئەنجامی نەداون، دانیشتنەكان كۆتاییان هاتووە، كۆبوونەوەی لیژنەكان وەستاون، هیچ بەدواداچوونێكی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن نەكردووە، هیچ پرسیار و لێپرسینەوەیەك نەكراوە، هیچ شاندێك رووی لە پەرلەمان نەكردووە و هیچ شاندێكی پەرلەمانیش سەردانی هیچ شوێنێكی كردووە، هیچ نوسراوێكیش لە پەرلەمانەوە بەمەبەستی بەدواداچوونی كاروباری هاوڵاتیان نەكراوە. لە پال هەموو ئەمانەشدا مالپەڕە فەرمیەكەشی ماوەی مانگێكە بێ هەوال و چالاكییە. كەواتە خودی پەرلەمانیش ناراستەوخۆ دانی بە بڕیارەكەدا ناوە.

لەو پێناوەدا ئینستتیوتی پەی، بۆ ئەوەی ناوەرۆكی یادداشتی یەكەممان كە لە (2/6/2023) ئاراستەمان كردبوو بچێتە جێبەجێكردنەوە، هەروەها رونتر لە هەلوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بگەین، لە (20/6/2023) وەك قۆناغی دووەم نوسراوێكی تایبەتمان بە ناوەرۆكی جیاواز، بەپێی ئەرك و دەسەلاتی هەریەكێكیان بۆ: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم فراكسیۆنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی، دەستەی دەسپاكی و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ناردووە، بۆئەوەی بە هەموو لایەك بگەینە ئەو ئەنجامەی كە لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەدا، پێویستە خالێك دابنرێت بۆ رێگریكردن لەگەندەلی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، كە رێگە دروستەكە ئەوەیە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 ی چاكسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بكرێت، لە (6/11/2022)ەوە كە بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنیەوە پەرلەمان یاساییبوونی خۆی لەدەستداوە، لەوساتەوە موچەكانیان بەپێی یاسای چاكسازی ئەژمار بكرێت. چونكە ئەگەر پەرلەمانێك خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریكردوون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بكات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوەدەكات خەڵكی جێبەجێیان بكەن!

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییش، كە هەمیشە باس لە چاكسازی دەكەن، لەكاتێكدا بەهۆی نەبوونی بودجەوە ئێستا كە كۆتایی مانگی شەشە هێشتا موچەی مانگی پێنجیان دابەش نەكردووە، كەچی لە هەنگاوی یەکەمیاندا بە نایاسایی نەسریە و مینحەی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیان خەرج کرد و لە هەنگاوی دووەمیشدا موچەو ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیان وەك خۆی خستۆتەوە خشتەی موچەوە كە ئەمەش پێشێلێكی تری یاسا بەركارەكانە.

لەم پێناوەدا، بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت و دامەزراوە فەرمییەكان بگەڕێنەوە سەر رێچكەی خۆیان، داواكارین لە رێكخراوەكانی كۆمەلی مەدەنی، میدیاكاران، چالاكوانان، یاسا ناسان، پارێزەران، هەموومان بەیەكەوە ببینە گروپی فشار بۆ جێبەجێكردنی ئەو خواستە یاسایی و جەماوەرییە.

لە كۆتاییدا تا رێكەوتی ٢/7/٢٠٢٣ چاوەرێی ناوەرۆكی نامەكانمان دەبین، لە دوای ئەو كاتەوە بەگەیشتن و نەگەیشتنی وەڵامەكان هەنگاوی دواترمان رادەگەیەنین. 


PM:02:31:25/06/2023