وێنەیەکی نەبینراوی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووی عێراق بڵاودەکرێتەوە کە لەلایەن مونیر حەداد جێگری داواکاری گشتی دادگای باڵای تاوانەکان بڕیاری تەمیزکردنەوەی لە سێدارەدانی بۆ دەخوێنێتەوە.
لەوێنەکەدا سەدام حسێن لە ژوورێکدایە و بەرامبەر مونیر حەداد دانراوەو کەسێکی یاسایی تریش لە ژوورەکەدا دانیشتووە.
مونیر حەداد، دادوەرێکی عێراقیە کە جێگری سەرۆکی دەستەی پێداچوونەوەی دادگای باڵای تاوانەکان بووە و بە شێوەیەکی شەخسی سەرپەرشتی لەسێدارەدانی سەدام حوسێنی کردووە.
سەدام حسێن لە دایکبووی ٢٨ ی نیسانی ١٩٣٧ یەو خەڵکی تکریتە، هەر لە گەنجێتیەوە پەیوەندی بە حزبی بەعسەوە دەکات و جارێک هەوڵدەدات عەبدوکەریم قاسم سەرۆکی کۆماری عێراق بکوژێت، بەڵام شکست دەخوات.
دواتر لە ساڵی ١٩٦٨دا لە کودەتایەکدا حزبی بەعس دێتە سەر حوکم و سەدام حسین دەبێتە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، لە ساڵی ١٩٧٩ دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق تا ٩ ی نیسانی ٢٠٠٣ کاتێک ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی رژێمی بەعسیان رووخاند دوای ماوەیەک سەدامیان لە نزیک تکریت لە کونێکدا دەستگیرکرد، لە ٣٠ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ لە سەردەمی سەرۆک وەزیران نوری مالکیدا لە سێدارە درا.
وێنەکە .. لە میدیا پلەس ٤ وەرگیراوە.