زانیاری نوێ لەبارەی پشکی هەرێم و مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران دەخرێتەڕوو

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە دوای پاکتاوکردن لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم پشێبینی دەکرێت بڕێک پارەی دیکە رەوانەی هەرێم بکرێت"، دەشڵێت" پارەی پێویست بۆ موچەی مانگی شەش لە بەردەستە و حکومەت بە پاساوی راگرتنی نەهاتنی پارەی بەغدا دوایدەخات". 

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) رایگەیاند" یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرا و سەرۆکایەتی کۆمار پەسەندیکرد و ئەوەی ماوە دەرچوونی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراقە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە شاندی هەرێم لەگەڵ کاربەدەستان و لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عێراق کۆببنەوە و پاکتاوی شەش مانگی سەرەتای سالی (٢٠٢٣) بکەن و لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا (١.٦) ترلیۆن دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە و بەپێی یاسای بودجە هەرێم دەبێت بیگەرێنێتەوە.

وتیشی" لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو رێکەوتی ٢٥ی مانگی ئازار حکومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی فرۆشتووە و بۆ ماوەی ئەو سێ مانگە داهاتی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان ئەو ١.٦ ترلیۆن دینارەی بەشێوەی قەرز هاتووە پاکتاو دەکرێت، لە دوای رێکەوتی ٢٥ی ئازارەوە خەرجی هەرێم لەسەر حکومەتی بەغدایە". 

ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی دەکرێت دوای پاکتاوکردن بەشێک پارەی دیکە رەوانەی هەرێم بکرێت و ئەو بەشە بودجەیەی دەبێت لە دوای ٢٥ی ئازار بۆ هەرێم بێت دەبێت حکومەتی هەرێم بە زووترین کات پاکتاوی بۆ بکات و موچەی مانگی حوزەیرانی پێ دابین بکات و پڕۆسەی دابەشکردنی موچە لەگەڵ هاتنی پشكی مانگانەی هەرێم رێکبکاتەوە.

لەبارەی موچەی مانگی شەشیشەوە رایگەیاند" لە ئێستادا حکومەتی هەرێم پارەی لە زیاتر پێویستی بۆ موچە لەبەردەستە، بەڵام راگرتنی هەناردەی نەوت و نەهاتنی پارەی لە بەغداوە کردووە بە پاساو وای کردووە لە ماوەی رابردوو زیاتر موچە دوابکەوێت". 

ڕاشیگەیاند" عێراق رێژەی خەرجی ساڵانەی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتی هەرێم هاوتای کۆمپانیاکانی خۆی هەژمارکردووە و بڕی ترلیۆنێک و ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە دابین کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم دەلێت، خەرجی ساڵانەی دەرهێنانی نەوتی ئەوان شەش ترلیۆن دینار بووە و بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق پێکهێنراوە و پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیاکان دەکرێت". 


PM:08:42:05/07/2023