کۆبانێ: سیاسەتی ڕەتکردنەوە کە لە لۆزانەوە دەستیپێکرد نەگەیشتووەتە ئامانجی خۆی

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) داوا لە گەلی کورد و هێزە سیاسی و سەربازییەکان دەکات بەردەوام بن لە خەبات و بەرخۆدان، لە یەکخستنی هێز و گوتار بەپەلە هەنگاو بنێن بەبێ هیچ مەرجێک. 

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کە ئەمڕۆ پێنج شەممە دەستیپێکرد، لە هاوینەهەواری شێتۆ لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، لەسەر پەیماننامەی لۆزان، لە ژێر ناوی (لۆزان، ڕاستکردنەوەی ڕێگا و پرسەکانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە)، ڕایگەیاند" ئەو سیاسەتەی نکۆڵیکردن کە بە پەیمانی لۆزان دەستیپێکردووە، نەگەشتووەتە ئامانجەکانی و شکستی هێناوە، چونکە ئەمڕۆ کورد کاریگەرییەکی گرنگی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ و خاوه‌ن نه‌خشه‌یه‌كى كاریگه‌ره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا". 

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد" دەستکەوتی گەورە بۆ کورد هەیە کە لە ڕێگەی ئەو قوربانییە گەورەیەی کە دراوە بە دیهاتووە، ئەمڕۆ کورد لە بەشێکی کوردستان بە گشتی بە دوای زامنکردنی مافە دەستبەسەرداگیراوەکانیدایە، لە باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵات و باکور". 

وتیشی" پێویستە بە دوای ڕێگایەکدا بگەڕێین بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە لە باشووری کوردستان دەستکەوت هەیە کە دەبێت بپارێزرێت و پاڵپشتی بکرێت، لە باکوری کوردستانیش هەوڵ و بەرخۆدانی گەورە لە بەرامبەردا نیشان دەدرێت، بۆیە دەبێت لە باکور پشتیوانی گەلەکەمان بکرێت و شۆڕش لە ڕۆژهەڵات پێویستی بە گردبوونەوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە ئامانجەکانی". 

کۆبانێ داوای لە گەلی کورد و هێزە سیاسی و سەربازییەکان کرد لە پلەی یەکەمدا بەردەوام بن لە خەبات و بەرخۆدان، هێزەکان یەکبخەن و گوتار و جوڵەی بەپەلە بەبێ هیچ مەرجێک و هەڵسەنگاندنی قۆناغەکە بە وردی، بۆ ئەوەی دەرفەتی بەردەست بە فیڕۆ نەچێت، بۆ کوردەکانی ئەمڕۆ.

مەزلوم عەبدی لە وتارەکەیدا جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەن بۆ هەر جۆرە دیالۆگ و یەکخستنی هێزەکان بۆ دۆزی کورد بەبێ هیچ مەرجێک، بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی پێشووی بۆ یەکخستنی هەوڵەکان لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا، لە ڕێگەی دەستپێشخەری سورییەوە هێزهکانی دیموکرات. 


PM:02:41:06/07/2023