پارتی رێگا لە خانمی یەکەم‌و پارێزگاری سلێمانی دەگرێت بەشداری لە کۆڕبەندێک لەسەر لۆزان لە رۆژئاوای کوردستان بکەن


بەرپرسانی پارتی رێگا لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق و پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر و ٢٠ رۆشنبیر و پەرلەمانتاری پێشوو دەگرن بچنە خاکی رۆژئاوای کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێکدا لەبارەی رێککەوتنامەی لۆزان کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ئەم رێککەوتنەدا ساز کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە نووسینگەیەکەوە ناوی ٢٠ رۆشنبیر و کەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتار لە ٣ ی تەموزەوە ئاراستەی دەروازی سمێلکا کردووە بۆ ئەوەی سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن بۆ بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی نێو دەوڵەتی لەسەر رێککەوتننامەی لۆزان کە بە ناونیشانی " ڕاستکردنەوەی ڕێگا و پرسەکانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی " بووەو رۆژی ٦-٧ تەموز لە قامشلۆ سازکراوە، بەڵام بەرپرسانی پارتی لەو دەروازەیە وەفدەکەیان ئاگدارکردۆتەوەو، رێگایان نەداوە ئەو وەفدەی باشوری کوردستان کە خەڵکی هەموو شارەکانی هەرێمی تێدایەو، چەند کەسێکیشیان لە دەرەوەی وڵات و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، سەردانی رۆژئاوا بکەن بۆ بەشداری لەو کۆڕبەندەدا.

بەپێی ئەو ناوانەی کە دەست سپی کەوتووە ئەو وەفدە پێکهاتووە لە هەریەک لە ( شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئارێز عبدالله، نیكولا أشرف شالی، محسن ئەدیب، فاروق رفیق، تەها رسول، سۆران عمر، ئەبوبكر هەڵەدنی، د.كامیران مەنتك، كامیران بەرواری، هیوا سلیم، هەڵوێست كریم، ئەبو بكر تاهر، نوزاد صالح، ئارام هادی، مریم فتحی، ئیسماعیل بازیار خەڵکی روژهەڵاتە لە باشور نیشتەجێییە، عەلی كەریمی خەڵکی ڕوژهەلاتەو لە باشور و بەریتانیا نیشتەجێیە، روناك مجید فتاح، پەروین حسن)و، بەرپرسانی پارتی لەو دەروازەیە ئاگاداریان کردوونەتەوە کە مۆڵەتیان پێنادرێت بەرشداری بکەن. 

چەند کەسێک لەم بەشداربوانە پەیامیان هەبووە بۆ ئەو کۆڕبەندەو لەوێ خوێندراوەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بۆ ئەوە نەکردووە کە حکومەتی هەرێم رێگایان گرتووە لە سنورەوە بپەڕنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان تا بەشداری ئەو کۆڕبەندە بکەن.

هەروەها تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لەم بەشداربوانە بێدەنگیان هەڵبژاردووە بەرامبەر هەڵوێستی رێگرتنی دەروازەی سمێلکان لەم کەسایەتییانە.

بەپێی راگەیاندنی کۆتایی کۆڕبەندەکە کە ئەمڕۆ ٧ ی تەموز کە دوا رۆژ بوو راگەیاندراوە لە  ٩ تەوەرە پێکهاتووە، لە بەشێکیدا هاتووە" لە ڕۆژانی ٦-٧ی تەمموزدا ناوەندی ڕۆژاڤا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان کۆڕێکی نێودەوڵەتی لە ژێر ناوی لۆزان: ڕاستکردنەوەی ڕێگا و پرسەکانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی سازکرد، کە تێیدا سەدەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزان بە بەشداری ٢٠٠ کەسی نوێنەرایەتی پارتە سیاسییەکان، تاوتوێ کرا. ئەکادیمییەکان، بزووتنەوەکانی ژنان، و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.ڕۆشنبیران، چالاکوانان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژاڤا، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چوار پارچەی کوردستان، ڕووسیا، وڵاتانی عەرەبی، کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان، کە تێیدا بەشداربووان".

هەروەها هاتووە، " بەشدرابووان جەختیان لەوە کردەوە کە پەیماننامەی لۆزان، کە ناوی ڕێککەوتنی ئاشتی بوو، ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە نەهێنا، بەڵکو شەرعیەتی بە جینۆسایدی گەلان و کولتوورەکان بەخشی و لە پێش هەمووشیانەوە کوردو نیشتمانەکەیان پارچە پارچەکرا'.

جگە لەم کۆڕبەندە بڕیارە ٢٢ و ٢٣ و ٢٤ی تەموز لە شاری لۆزان لە سویسرا کۆڕبەندو چالاکی جەماوەری بەرفراوان سازبکرێت، پێشبینی دەکرا کۆنفرانس و کۆبووەنەوەی جەماوەری گەورە لە هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان سازبکرێت، بەڵام نەک هیچ بڕیارێک نییە بۆ سازدانی جۆرە چالاکییەکی لەو شێوەیە، هاوکات رێگا لەو کەسایەتییانەش گیران بەشداری ئەو کڕبەندەی رۆژئاوا بگرن.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە هاوسەری سەرۆک کۆماری عێراقە لەو بارەیەوە وتارێکی نووسیووە کە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ ئەو رووداوە دەکات.




PM:11:24:07/07/2023