ژمارەی ئەو " تیرۆرانەی " تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە، ئاشکرا دەکرێن


بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمەریکا ئاماری سێ ساڵی ڕابردووی ئەو " تیرۆرە " سیاسیانە بڵاودەکاتەوە کە دژی سەرکردە و کادیرانی پەکەکە و چالاکوانانی سیاسی کوردانی تورکیا و سوریا، لە هەرێم ئەنجامدراون کە ژمارەیان ١٢ حاڵەتە.

بەپێی ئەو ئامارانە کە ئەو میدیایە بڵاویکردوونتەوە زۆربەی حاڵەتەکان کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراون لە ناو شاری سلێمانیدا بوون و ژمارەیەکی بەرچاوی قوربانییەکان ژنن. 

لەو راپۆرتەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، بەشێک لەو کەسانەی کە لەلایەن تورکیاوە "تیرۆر' کراون، دواتر وەک کادیر و سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان ناسێنراون. بەشێکیشیان چالاکی سیاسی بوون. بەشێک لەو " تیرۆرانە" لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و درۆن و بەشێکیشیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە. ئەمە لە کاتێکدایە چەندین هێرشی ئاسمانی تر لە هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە و قوربانیش هەبووە، بەڵام ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.

ئەمانەی خوارەوە دیارترین ئەو کەیسەکانەن لە ساڵی ٢٠١٩ وە تۆمارکراون و دەنگی ئەمەریکا بڵاویکردوونەتەوە:

1- هێرش بۆ سەر چیای گۆیژە

لە 15/10/2019 دەمهات عەگید ناسراو بە سەیدخان ئەیاز و "خەباتکاری تەندروستی" جەمیل ئەحمەد ناسراو بە ئیسەر ئیرماک لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە چیای گۆیژەی سلێمانی گیانیان لەدەستدا. ئەو کات کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕایگەیاند"هەردوو هەڤاڵمان بە هۆی هێرشی فڕۆکەی دەوڵەتی تورک و بە هاوکاری هاوبەشە سیخورەکانیان شەهیدکراون." بە پێی بەیاننامەکەی کەجەکە دەمهات عەگید بۆ بەڕێوەبردنی "خەباتی نەتەوەیی لە باشور" و ئیسەر ئیرماکیش بە مەبەستی چارەسەرکردنی تەندروستی سەردانی سلێمانیان کردبوو.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوکات لەسەر ڕووداوەکە ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکانیان دەریخستووە قوربانیەکان لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە کراونەتە ئامانج. دەزگاکە سەبارەت بە هێرشەکە وتویەتی، "ئەمە پێشێلکاری و پێشهاتێکی مەترسیدارە و بە هیچ جۆرێک خزمەت بە ئاسایشی هاوبەش ناکات."

2- هێرش بۆ سەر سەیرانگای کونەماسی

لە 25/6/ 2020 لە سەیرانگای کونە ماسی لە باکوری سلێمانی لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی تورکیا، کادرێکی پژاک بە ناوی ڕێبوار قولیزادە ناسراو بە ئاریوان شۆڕشگێڕ گیانی لەدەستدا و و سێ کەسی تریش بریندار بوون کە ناسنامەیان نادیارە. ئەمە بەدەر لەوەی پێنج ئەندامی خێزانێکیش کە خەڵکی گوندەکە بوون لە فرۆشگاکەی خۆیاندا بەو هۆیەوە برینداربوون.

ئەوکات فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "داوا لە وەزارەتی دەرەوە و نوێنەرانی عێراق لە لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین داوای کۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق."

3- تەقەکردن لە ناو شاری سلێمانی

لە 16/9/2021 فەرهاد بارش، کە کارمەندی کۆمپانیای جان دیاربەکر بووە بۆ گواستنەوە و گەیاندن لە ناو ئۆفیسی کۆمپانیاکە لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و بریندارکرا.

ئەوکات ماڵپەری رۆژ نیوز بڵاویکردەوە کە ئەو کەسەی هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ئەنجامداوە کڵاوی لەسەر کردووە و دەمامکی بەستووە و لە ناو ئۆفیسی کۆمپانیاکە و بە دەمانچە هیرشەکەی ئەنجامداوە. هەرچەندە فیشەکەکە بەر ملی فەرهاد بارش کەوتووە، بەڵام کوشندە نەبووە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شار چارەسەری بۆ کراوە.

میدیاکانی هەرێم ڕووداوەکەیان گرێدا بە تیرۆری سیاسی بەو پێیەی "فەرهاد ئەو کەسە ناناسێت و هیچ کێشەیەکی شەخسیشی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە."

4- هێرشی گەڕەکی چوارچرا

دوای یەک ڕۆژ لە هەوڵی تیرۆرکردنی فەرهاد بارش، لە 17/9/ 2021 یاسیین بڵوت ناسراو بە شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە، لە گەڕەکی چوارچرا تەقەی لێکراو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

دوای ڕووداوەکە دژە تیرۆری یەکێتی کوردستان ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات و ەختدەکاتەوە، "شاری سلێمانی هەمیشە وەک لانکەی فرەدەنگی و ئارامی دەمێنێتەوە و هیچ پیلانگێڕییەک سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکانی بەلاڕێدا نابات."

دواتریش کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی"هەڤاڵمان شوکری سەرحەد لە ڕێگەدا بووە بچێت بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لە نزیک ماڵەکەیدا لە لایەن کۆنترایەکی تورکەوە لە پشتەوە تەقەی لێکراوەو شەهید کراوە." هەروەها ڕاشیانگەیاند، "بکوژەکان چوارکەسن و هەڵاتوون بۆ هەولێر."

5- ‌هێرش لە چەمچەماڵ

لە 9/10/2021 بە هۆی هێرشی فڕۆکەی تورکیاوە لە سنوری چەمچەماڵ، کادرێکی پەکەکە گیانی لەدەستداو و دوانی تریش برینداربوون، کە ناسنامەیان نادیارە.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکیدا وتی، "ئیدانەی بۆردومانەکەی تورکیا دەکەین. هێرشەکە پێشێلکاری سەروەری باشوری کوردستان و عێراقە."

6- هێرش بۆ سەر ئاغجەلەر

لە 21/5/2022 فڕۆکەیەک کە دەوترێت هی تورکیا بوو ئۆتۆمبێلێکی لە گوندی تووتەقەڵی سەر بە شارەدێی ئاغجەلەر لە سنووری چەمچەماڵ کردە ئامانج و بەوهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. قوربانیان پێکهاتبوون لە 3 کادری پەکەکە و دوو کەسی سڤیلیش کە خەڵکی گوندەکەبوون بە ناوەکانی ئارام کاکە خان و ئیسماعیل ئیبراهیم کە هەردووکیان خێزانداربوون.

7- هێرش بۆ سەر خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز

لە 17 /5/ 2022 زەکی چەلەبی خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی تەقەی لێکراو بە سەختی بریندار کرا. دوای ڕۆژێک لە بریندار بوونی لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستدا.

لە دوای گیانلەدەستدانی چەلەبی، خێزانەکەی ڕایگەیاند، "چەندین جار دەوڵەتی تورکیا هەڕەشەیان لە زەکی کردبوو، دواجاریش میتی تورک داوای کرد کە زەکی لەگەڵ ئەواندا کاربکات و سیخوڕیان بۆ بکات، بەڵام زەکی قبوڵی نەکرد بۆیە تیرۆریان کرد." دواتریش ڕایانگەیاند"بکوژانی زەکی چەلەبی هەڵهاتوون بۆ هەولێر."

8- هێرش لە دهۆک

لە 17/5/2022 حسێن تورەلی خاوەنی ئەسیل بۆرەک لە دهۆک بریندارکرا، بەڵام لە هێرشەکەدا ڕزگاری بوو. ساڵێک دواتر و لە 17/4/2023 حسێن تورەلی کە هاوڵاتیەکی شاری باتمانە لە فامیلی مۆڵی دهۆک جارێکی تر تەقەی لێکرا و ئەمجارە گیانی لەدەستدا.
دوابەدوای ڕووداوەکە نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دڵنیاین هێرشە چیکداریەکەی میتی تورک بە بڕیاری ئاکەپە و مەهەپە ئەنجامدراوە. داواش دەکەین کەیسی تیرۆرکردنی ئەندامەکەمان بە لاڕێدا نەبرێت." هەدەپە وتیشی، "ڕووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان."

9. هێرشی درۆن لە گەرمیان

لە 17/6/ 2022 بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە چوار هاوڵاتی خەڵکی "ڕۆژاڤا" لە شاری کەلار گیانیان لەدەستدا کە لە نێوانیاندا فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەبوو. دواتر دەزگای هەواڵگری میت به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی گرتە ئەستۆ و هێزەکانی قەسەدەش هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان کرد.

لەکاتی بەشداریکردن لە پرسەی قوربانیەکاندا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کاڕگێڕی مەکتەبی سیاسیی یه‌كێتی، ڕایگەیاند، "ناکرێت هەرچی داهات و دەستکەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرن بۆ تورکیا و ئەویش بەکاریبهێنێتەوە بۆ کوشتنی خۆمان. وتیشی، "ئەگەر هاوکاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەکانی تورکیا ئەنجامیان نابێت."

10- هێرشی گەڕەکی بەختیاری سلێمانی

لە 5/10/2022 ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و رۆژنامەنووس و نوسەر ناگیهان ئاکارسێل ناسراو بە زیلان لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گولە و گیانی لەدەستدا.

ئاسایش ڕایگەیاند کە بکوژەکە دەستگیرکراوە. دەنگی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ناسنامە و ڤیدیۆی بکوژەکەی ئاشکرا کرد کە لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەر بوو، بەڵام بە فەرمی تا ئێستا ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسەوە هیچی بڵاو نەکردۆتەوە.

11- هێرش لە کفری

. لە 28/8/ 2022 لێکۆڵەر و نوسەرو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ کە فەرمانبەربوو لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، لەنزیک ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچكەی كفری درایە بەر دەستڕێژی گولەو گیانی لەدەستدا.

تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند"تورکیا هێرشەکەی ئەنجامداوەو هاوکات ئاسایشی گەرمیانیش ڕایگەیاند"کەسێکیان دەستگیرکردووە بەهۆی ڕووداوەکەوە."

12- هێرشێکی تر لە سلێمانی

لە 9/5/2023 حسێن ئاراسان کە خەڵکی ئیزمیر بوو هەروەها ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بوو لەبەردەم ڕێکخراوەکە لە شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گولە دوای ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستدا.



AM:01:08:08/07/2023