لەبارەی دەستپێکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

بڕیارە سبەینێ دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم دابەشبکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەران نەکراوە.

بەپێی هەواڵێکی سایتی (ئێن ئاڕ تی)، تاکو ئێستا وەزارەتی دارایی هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و ئەوەی هەیە تەنیا مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگەیە کە پارەکەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی ماوە بۆدرێژکراوەی هەرێم چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمە و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت شاندێک بچێتە بەغدا و تەواوی داتاکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی ئاڵوگۆڕ بکەن کە لەم مانگەدا پارەی تەواو دێت بۆ دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم کە زیاتر دەبێت لەو بڕەی لە مانگەکانی رابردوودا گەیشتووەتە هەرێم.


PM:01:07:08/07/2023