" تا ئێستا یاسای بودجە جێبەجێ نەکراوە "


هەرچەندە کارەکانی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار لە مەڕ یاسای بودجە هەموویان ئەنجامدراون، بەرپرسێکی عێراقیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تا ئێستا یاسای بودجە جەێبەجنەکراوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشکرای دەکات، تا ئێستا حكومەتی عیراق هیچ بڕگەیەكی یاسای بودجەی جێبەجێ نەكردووە و چاوەڕوانی رێنماییەكانی وەزارەتی داراییە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە.

 راوێژکارەکەی سودانی دەشڵێت" هەرچەندە سەرۆكایەتی كۆماری عیراق یاسای بودجەی پەسەند كردووە و لە رۆژنامەی وەقائیعی رەسمیش بڵاوكراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕگە و ماددەیەكی یاساكە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و هیچ بڕە پارەیەكیش بەپێی یاسای بودجە خەرج نەكراوە".

مەزهەر محەمەد پێشبینی دەکات لەم چەند رۆژەدا ئەو رێنوماییانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەربكرێن و یاساكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



PM:10:45:09/07/2023