کەسایەتییەکی ریش سپی بارزانی، داوای شۆڕشێکی سپی دەکات


ئا: سپی میدیا

 کەسایەتیەکی سیاسی و رۆشنبیری بنەماڵەی بارزانی پێیوایە ئەو سیستەمە حوكمڕانییەی لە کوردستاندا هەیە بە بن بەست گەیشتووەو لە رێگای هەڵبژاردنەوە هیچ ناگۆڕدرێ و داوای بەرپاکردنی " شۆڕشێکی سپی " دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی " سپی "، ئەیوب بارزانی کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە لەگەڵ ئەو سیاسەتدا نییە کە سەرکردایەتی ئێستای پارتی پەیڕەوی دەکات، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەزموونی ٣٢ ساڵەی هەرێم " هێواش .. ‌هێواش .. بەرەو هەرەس هەنگاو دەنێت"، ئەو پێیوایە بۆ رزگاربوون لەم دۆخەی ئێستا سندوقەکانی دەنگدان چارەسەر نییە، بەڵکو گەلی باشوری کوردستانیش، وەک زۆرێک لە گەلانی ناوچەکە کە لە چەند ساڵی رابردوودا شۆڕشیان ئەنجام داوە، پێویستی" بە بەرپاکردنی شۆرشێکی سپی، دوور لە توندوتیژییە". 

" سەرکردەکانی هەرێم کۆمەڵگای مێگەلیان دەوێت"

ئەیوب بارزانی کە ئێستا تەمەنی ٧٨ ساڵە و سەرو ریشی سپی بووە، لە شاری (حلە) لە کاتی راگواستندا لە  باشوری عێراق لە دایکبووە، ئەو یەکێکە لە بنەماڵەی بارزانی و کوڕی بابۆیەو ئامۆزای مەسعود بارزانی و زاوایەتی و، بەوردی ئاگای لە دۆخی نێوخۆیی پارتی و ناکۆکییەکانی بنەماڵەی بارزانی هەیە، ئەو پێیوایە ئەم ئەزموونەی لە کوردستاندا هەیە، هەر لەسەرەتاوە دیموکراسی نەبووەو سستەمێکی ( رەعیە ) بووە، پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای سەرۆک خێڵ و گوێرایەڵی رەعیەکانی دامەزراوەو ملکەچیەکی تەواو تیایدا باڵادەستبووە.

 ئەیوب بارزانی کۆنگرەی هەشتەمی پارتی کە ساڵی ١٩٧٠ سازکراوە بە نموونە دەهێنێتەوە، ئەویش لە زاری جەرجیس فەتحوڵا کە لەو کۆنگرەیەدا هەڵبژێردراوە بە ئەندامی یەدەکی کۆمیتە ناوەندی پارتی و، دەیگێڕێتەوەو دەڵێت" لەو کۆنگرەیەدا مەلا مستەفا بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەسەرۆک هەڵبژێردراو، هەریەک لە مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی ٤٥٠ دەنگی ئەندامانی کۆنگرەیان بە دەست هێنا، تەنانەت یەکێکیان یەک دەنگی زیاتری لەوی تریان نەهێنا".

ئەیوب بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سەرکردایەتی پارتی لەو مێژوەوەو دوای ٣٢ ساڵیش لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم، ئێستاش کۆنگرەکەیان بە هەمان شێوەیەو، هێندەی تۆزێکیش نە گۆڕدراون. 
     
 ئەو پێیوایە ئەم ئەزموونەی باشوری کوردستان هەر لە سەرەتاوە " بە هەڵە هاتووە، هەر بابەتی پەنجا بە پەنجا و تەزویرات لە هەڵبژاردن، دوو ئیدارەیی و دوو هێزی پێشمەرگەو ئەمنی، سەرکردایەتیکردنی هەرێم لەلایەن هەردوو سەرکردەی سیاسی ناکۆک، بارزانی و تاڵەبانی، قەیرانەکانی گەیاندۆتە ئەم ئاستە کە هێواش هێواش قەوارەکە بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات". 

ئەیوب بارزانی کە ٤ کتێبی لەسەر بزووتنەوەی رزگاری خوازی کوردستان و مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە زمانی عەرەبی و نووسین و وەرگێڕانی بۆ ٨ کتێبی تر بە زمانی فەرەنسی کردووە، زیاتر لە سەر " نا دیموکراسیەتی " سیستەمی حوکمڕانی قسە دەکات و دەڵێت "  بە ڕەهایی باوەڕم وایە کە گۆڕانکاری لەڕێگەی هەڵبژاردنەوەوە لە هەرێمدا ناکرێت، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ڕەهایی ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن ناگرن، هەر لە جەوهەردا باوەڕیان بە هەڵبژاردن و گۆڕانکاری نییەو، ئەوان کۆمەڵگایەکی گوێرایەڵ و مێگەلیان دەوێت".

ئەیوب بارزانی کە زۆربەی تەمەنی لە (مەنفا) بەسەربردووەو لەدوای هەرەسەوە لە ساڵی ١٩٧٦ ەوە لە سویسرا دەژی، لە ساڵی ١٩٩٦ەوە گەڕانەوەی بۆ ناوچەکانی دهۆک وهەولێر لێ قەدەغەکراوە، ئەو پێیوایە هۆکاری هەرە سەرەکی ئەم هەرەسە هێواشەی هەرێم فاکتەری ناوخۆییەو تینوێتی سەرکردەکانە بۆ " دەسەڵات و سەروەت و سامان " و دەڵێت " کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێ هیوابوون لە چاکسازی لەهەرێمدا و لەو بەڵێن و وادانەی سەرکردەکان دەیدەن. رۆژئاوا لە هەموو کاتێک زیاتر گەشتوونەتە ئەو رایەی کە سەرکردەکان وەک ئاغا و میراتگر هەرێم بەڕێوەدەبەن"، جەختیش دەکاتەوە کە رۆژئاوا گەیشتونەتە ئەو راستیەی کە " زۆر ئەستەمە ئەمان بگۆڕدرێن هەر بۆیە وردە وردە سارد بوونەتەوە لە بەرگریکردن لەهەرێم و دەستی وڵاتانی هەرێمایەتییان واڵا کردووە دەست لە هەرێم وەربدەن".
 
" ئەم حوکمڕانییە هەرێمی کوردستان بە دڵی ئێران‌و تورکیایە "

ناوچەکە بە گۆڕانکاری گەورەدا دەڕوات و زۆر ئاماژە لە ئارادان کە جیهان بەرەو فرە جەمسەری دەڕوات و چیتر ئەمەریکا و رۆژئاوا وەک تاک جەمسەر هەژموونیان وەک ئێستا بەسەر جیهان و ئەم ناوچەیەوە نامێنێت، سەبارەت بە کاریگەری ئەم گۆڕانکاریانە لەسەر ناوچەکە و هەرێم، ئەیوب بارزانی دەڵێت " تەنها بەوەوە نەوەستاوە کە سەرکردەکانی هەرێم نازانن لەم ریزبەندییە نوێیەدا چۆن مامەڵە بکەن و کام جەمسەر هەڵبژێرن، بەڵکو کوردیان دابەشکردووە، هەندێکیان میحوەری تورکیاو ئیسرائیل و ئەمەریکایان هەڵبژاردووە، هەندێکیشیان لە میحوەری ئێران و روسیا و چین دان"، ئەو نا یشارێتەوە کە پێویستە هەرێم لەگەڵ ریزبەندی چین و روسی و ئێرانیدا بێت و بە " میحوەری مقاومە" ناوزەدی دەکات.

لە بارەی سیستەمی حوکمڕانی ئێستای هەرێم و شوێن کەوتەی لەناوچەکەداو مامەڵەی لەگەڵ ئێران و تورکیادا، ئەیوب بارزانی دەڵێت " ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم بە سیستەمەکەیەوە بە دڵی تورکیاو ئێرانە، ئەو دوو وڵاتە هیچ نیگەرانیەکیان لە دۆخەکە نییە و لە سایەی ئەم حوکمڕانیەدا هەردوو وڵات بەرژەوەندیەکانی خۆیان بە زیادەوە مسۆگەرکردووە، ترسیان لەئایندەی قەوارەی هەرێمیش نییە تا هیچی لێ سەوزبێت!".

ئەیوب بارزانی هەروەک چۆن لە سەر ئاستی ناوخۆیی شۆڕشێکی " سپی بێ توندتیژی " بە چارەسەر دەزانێت، 
 
لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و بۆ ئەوەی شەڕی پارچەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتری درووبخاتەوە و یەک هەڵوێست بێت، دەگەڕێتەوە بۆ تێروانینی د.عیسمەت شەریف وانلی کە لەساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوودا داوای کردووە کە "ئەنجومەنێکی خاوەن بڕیاری دوور لە هەژموونی وڵاتان بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان دابمەزرێت و ستراتیژێکی نەتەوەیی دابڕێژێت".




PM:04:30:11/07/2023