"بەمنزیكانە شاندی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە سەردانی بەغدا دەكات"


بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەم زوانە شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی سەردانی بەغدا دەكات.

ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاندووە، پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی لە ئاستێكی باشدایە، سەرەڕای هەبوونی تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەندێك لە ماددە و بڕگەكانی یاسای بودجە، بەڵام هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ گفتوگۆیان كردووە.

د.ئومێد ئاماژەی بەوەكردووە "تیمێكی باڵا بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە پێكهێنراوە، لە حكومەتی هەریمی كوردستاندا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت ئەو تیمەی پێكهێناوە، بەهەمان شێوەیە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش تیمێكی باڵای لە حكومەتەكەی پێكهێناوە".

ناوبراو وتویەتی "بڕیار وایە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و دەست بە هەنگاوە كردەییەكان بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە بكرێت".



PM:10:20:11/07/2023