تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند

ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتى بەرگرى تورکیا کوژرانى سەربازێکی خۆی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" سەربازێکمان بە ناوی (ئەردەم كاڤلاك) كە رۆژی ١١ی ئەم مانگە لە رووبەڕووبوونەوەیەكدا لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە لە سنووری ناوچەكانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە (چنگ – قوفڵ) لە ناوچەی زاپ لە خاكی هەرێمی كوردستان كوژراوە". 

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا، ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتووەتە (٩٣) سەرباز.

دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژی ١٨ی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی (کلیل – چنگ) لە ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکە دەستپێکرد.


PM:04:23:13/07/2023