سەبارەت بە فرۆشتنی سیمكارت بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی، روونكردنەوە دەدرێت


لیژنەی ئەمنی چەمچەماڵ هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات كە فرۆشتنی سیمكارت بۆ كردنەوەی ھەژماری بانكی و ھەڵخەڵەتاندنی ھاوڵاتیان بە بڕێك پارە قەدەغەیە.

لیژنەی ئەمنی چەمچەماڵ لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "ماوەیەكە لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان گروپێك بەرامبەر بە بڕێك پارە كە بەھاوڵاتیانی دەدەن سیمكارتیان بەناو دەكەن و ھەژماری بانكییان بەناوەوە دەكەنەوە و لەدەرەوەی وڵات ئاڵوگۆڕی دراو بەو ھەژمارەوە دەكرێت". 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بەبێ ئەوەی ھاوڵاتی ئاگادار بێت پارەیەكی زۆر بە ناوییەوە حەواڵە كراوە و بەو ھۆیەشەوە باجێكی زۆر دەچێتە سەر ناوەكەی و ھەر كاتێك كاری بە فەرمانگەیەكی حكومی بێت سەرجەم باجەكەی لێی وەردەگیرێت، كە ڕەنگە دەیان ملیۆن دینار بێت".

هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە "دانیشتوانی سنوری چەمچەماڵ و سەرجەم دوكانەكانی فرۆشتنی سیمكارت و ھاوڵاتیانی ئاگادار دەكاتەوە ھەر كەسێك كاری لەو شێوەیە بكات دەستگیر دەكرێت و ڕوبەڕوی یاسا دەكرێتەوە".



PM:02:41:15/07/2023