ئاسایشی هەرێم: لە گەرمیان کەسێک لە گرووپێکی چەکدار کوژرا


دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەسەر تەقەکردنەکەی دەستگیرکردنی گروپێکی چەکداری نایاسایی ڕادەگەیەنێت "هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامانی گروپێکی چەکداری نایاسایی دەستگیرکرد کە ناویان لەخۆیان نابوو( فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان). هەروەها دەشڵێت " چەکدارێکی ئەو گرووپە کوژراوە".
 
لە راگەیاندنەکەی ئاسایشی هەرێم هاتووە "لە ئەنجامی هەوڵەبەردەوامەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەموو کارێکی نایاسایی و تێکدەرانە و دابینیکردنی ئاسایش و ئارامی، هێزەکانی دەزگای ئاسایش، ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٧/١٧ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕووبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیربکەن، کە ببونە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکە و هەستاون بە خۆنمایشکردن و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەکردن و تەقەکردن و تۆقاندنی هاوڵاتیان."

لە راگەیاندنەکەی ئاسایشی هەرێمدا ئەوەش خراوەتەڕوو " لە کاتی دەستگیرکردنی چەکدارەکان، ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی ئاسایش برینداربوون کە هیوای زوو چاکبونەوەیان بۆ دەخوازین، لە کاتی ڕوبەڕووبونەوەکەدا دوان لە چەکدارەکان برینداربوون و یەک چەکدار گیانی لەدەستدا". 

هەروەها هاتووە " لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی ١٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەکدارەکە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە".




PM:09:22:17/07/2023