بانکی ناوەندی لەسەر سزاکانی ئەمریکا بۆسەر بەشێک لە بانکەکانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

بانکی ناوەندی کاریگەری ئەو سزایانەی ئەمەریکا بەسەر هەندێک بانکەکانی عێراقدا سەپاندووە سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات کەمکردەوە دەخاتەڕوو، هاوکات هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری بۆ کشانەوەی هەندێک لە بازرگانان لە بازاڕەکان گەڕاندەوە.

بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکەدا ئاماژەی بەوەکرد" بڕیاری ڕێگریکردن لە مامەڵەکردنی بانکەکانی عێراق بە دۆلار لەسەر بنەمای حەواڵەکانی بانکی بۆ ساڵی ڕابردوو بووە، پێش بەکارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و پێکهێنانی حکومەتی ئێستا". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بانکانەی بێبەشن لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی، ئازادییەکی تەواویان هەیە لە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لەگەڵ خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی سیستەمی بانکی عێراقیدا، ئەمە جگە لەوەی مافی مامەڵەکردنیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە دراوی دیکە هەیە، جگە لە دۆلاری ئەمریکی.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" نرخی ڕاگەیەندراوی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕدا لەسەر بنەمای ئەو دۆلارە کاشەیە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دەخرێتەڕوو بۆ دابینکردنی داواکاری هاوڵاتیان بۆ گەشت و شتی دیکە". 

ئەو بانکانەی کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لێ قەدەغەکردوون بریتین لە (موستەشاری ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان، قیرتاسی ئیسلامی، تەیفی ئیسلامی، ئیلاف، ئەربیل بۆ وەبەرهێنان، بانکی ئیسلامی نێودەوڵەتی، عەبرەلعێراق، موسڵ بۆ پەرەپێدان، راجح، سومەری بازرگانی، سیقەی ئیسلامی، ئوری ئیسلامی، عالەمی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان، هەروەها بانکی زێنی عێراقی ئیسلامی).


PM:02:07:20/07/2023