زانیاری نوێ سەبارەت بە مووچەی مانگی شەش


پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بڕیارە تا رۆژی ئەم سێشەممەیە بەغدا بڕە پارەیەك بۆ مووچە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.

سیپان شیروانی، پەرلەمانتاری لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای نزیك پارتی راگەیاندووە "سبەی شاندی كوردستان بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانی رابردوو لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجەی كوردستان دێتە بەغدا، چونكە لایەنی عێراق داوایان كرد، لە هەفتەی رابردوودا كە تا رۆژی یەكشەممە مۆڵەتان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی وەڵامی كوردستان بدەنەوە و سبەی شاندی كوردستان له ‌بەغدا دەبێت".

شیروانی ئاماژەی بەوەكردووە "لەو باوەڕەدام لەم هەفتەیەدا بودجەی مانگی شەش بۆ كوردستان خەرج بكرێت و لەدوای دەركردنی رێنماییەكان تایبەت بە بودجە، دواتر چوونە بواری جێبەجێكردنەوە، پشكی هەرێمی كوردستان گرفتی نامێنێت و لە كاتی خۆیدا دەگاتە كوردستان".

هەروەها وتویەتی "ئەگەر ئەوەش بەهۆی وردبینییەوە دوابكەوێت، له ‌بەغداوە سلفەیەك پاره ‌دێتە كوردستان، دواتر (مقاسە دەكرێت) لە بودجەی گشتیی كوردستان و ئەوەی هەیە جارێ مووچەی مانگی 6ە و بڕیارە تا رۆژی 3 و 4ی ئەم هەفتەیە پارەكە لە بەغداوە بنێردرێت".



PM:02:50:22/07/2023