"لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا خاوەن پرۆژەکانی پەلەوەر زیانی داراییان بەرکەوتووە"

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە ملیارەها دینار زیانی بەخۆیەوە بینیوە".  

نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی پارێزگای سلێمانی، بە میدیاکانی ڕاگەیاند" لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا خاوەن پرۆژەکانی پەلەوەر زیانی داراییان بەرکەوتووە کە بە ٢٥ ملیار دینار مەزەندە دەکرێت". 

وتیشی" نرخەکان دابەزیون بۆ نزیکەی ٦٠٠ دینار بۆ هەر کیلۆیەک گۆشتی مریشک، گرانی نرخی دۆلاریش بارگرانی زیاتری لێکەوتووەتەوە".

ڕاشیگەیاند" بەردەوامی پشتگوێخستنی دەسەڵاتداران بۆ کەرتی پەلەوەر زیانی بە خاوەن پڕۆژەکان گەیاندووە". 

ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشییەکان زیانیان بە نزیکەی لەسەدا ٤٠ی کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی نزیکەی لەسەدا ٢٥ی کێڵگەکانی پەلەوەر".

ئاماژەی بەوەشکرد، خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر بارگرانییەکی زۆریان لەسەرە، ئەمە جگە لە دابەزینی نرخەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، هەروەها نەبوونی خۆراکی باش و کۆنترۆڵنەکردنی هاوردەکاری مریشک. 


PM:04:28:23/07/2023