شاسوار عەبدولواحید: ئەم کابینەیە ٨ ترلیۆن دیناری مووچەخۆرانی خواردووە


سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند" ئەم کابینەیە ٨ ترلیۆن دیناری مووچەخۆرانی خواردووە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە ئەمشەو یەک شەممە لە سلێمانی سازیکرد ئاماژەی بۆ دواخستنی ئەو خۆپیشاندانە کرد کە هەفتەی رابردوو بانگەشەی بۆ کردو، وتی" بۆ ئەوەی خۆپیشاندانێکی گەورە بکەین قسەمان لەگەڵ گروپەكانی فشارو خۆبەخشان  و رێكخراووەكانی كۆمەڵی مەدەنی كردووە و پێیان باش بوو ماوەیەكی تر بووەستین بۆ ئەوەی خۆپیشاندانێكی گەورەبكەین، بۆیە ئێمەش بەدەم داوای ئەوانەوە چوین و لە داهاتوودا خۆپیشانێكی گەورە دەكەین".

ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە داهاتوودا خۆپیشاندانێكی گەورە سازدەکەن. 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت "‎ئەم کابینەیەی حکومەتی کاربەڕێکەر هەشت ترلیۆن و ١٦٠ ملیار دیناری مووچەخۆرانی خواردووە و حەوت موچەی نەداوە و گەنجانی پشتگوێخستووە و باج و رسوماتیشی زیادکردووە".

لە بارەی چاکسازیشەوە دەڵێت " بەهۆی یاسای چاکسازییەوە پارەی مووچە لە ٨٨٠ ملیار دینارەوە زیادکرا بۆ ٩٣٠ ملیار دینار و کابینەی نۆیەمی پارتی و یەکێتی ناوی چاکسازیی بوو، بەڵام هیچ چاکسازییەکی نەکرا و نەشیان توانی کێشەی ئاوی هەولێر چارەسەر بکەن و چەندان پرۆژەی خزمەتگوزاری بەبێ تەواوکردن جێماون".

بە رەخنەوە قسە لەسەر کارەکانی حكومەت دەکات و دەڵێت " عەریزەی ئەلیکترۆنی و کامێرای خاڵ بۆ خاڵ و گرانکردنی کارەبا لە دەستکەوتە دیارەکانی ئەم کابینەی حکومەتن و لە بەغداش دژی ئۆپۆزسیۆن وەستانەوە بۆ نەگەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچە، بەڵام نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی ئەو مافە دەگەڕێنێتەوە بۆ موچەخۆران".

باسی لەوەشکرد، یەکێتی و پارتی موچە نادەن و دەیانەوێت بە خەڵک بڵێن نەدانی موچە خەتای بەغدایە و بەو بیانووە رێککەوتەنەکانیان لەگەڵ بەغدا هەڵبوەشێننەوە.

لەبارەی نەدانی موچەشەوە ئەوەشی خستەڕوو، دوو مانگە داهاتی ناوخۆ دەستکاری نەکراوە کە ٩٠٠ ملیار دینارە، بۆچی لە داهاتی ناوخۆ و پارەی نەوتی فرۆشراو موچەی خەڵک نادەن؟ وتیشی، " بەغدا داوای ١٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە هەرێم کردووە بۆ ئەوەی مووچە رەوانە بکرێت، بەڵام هەرێم پابەند نەبووە."
 
شاسوار عەبدلواحید داوا لە هاوڵاتیان دەکات کارتی بایۆمەتری وەربگرنەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "‎ هەڵبژاردن باشترین دەرفەتە بۆ گۆڕینی دەسەڵات و باشکردنی ژیانی خەڵک".



PM:09:24:23/07/2023