نیاز سەعید: سەلەفیزم پرۆژەیەکی پاوانخوازییە بۆ رەتکردنەوەی ئەوانیتر


لە گەرمەی ناکۆکییەکانی نێوان باڵە ئیسلامییەکانی کوردستان و بە دیاریکراویش لەسەر فیکر و بزاوتی سەلەفییەکان، توێژەری ئەو بوارە نیاز سەعید عەلی لە توێژینەوەیەکی دا دەڵێت" رێبازی سەلەفیزم لەبنەڕەتدا هەوڵدانێکی رادیکاڵیزمی بوو بۆ سەپاندنی ئیجتیهادێکی تازە ".
لەو توێژینەوەیەدا کە بەناونیشانی " سەلەفیزم پڕۆژەیەکی پاوانخوازی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەوانیتر! " نیاز عەزیز لە ١٣ بەشدا  بەسود وەرگرتن لە دەیان سەرچاوە، توێژینەوەکەی لەسەر ئەم دید و جوڵانەوەیەی کوردستان و ناوچەکە نووسیووە.

نیاز سەعید لە سەرەتای بابەتەکەیدا لەسەر بیری سلەفی لە هەرێمی کوردستاندا دەڵێت" لەسەرەتای هاتنی ئەم رێبازەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردی لەهەشتاکانی سەدەی رابردوودا؛ زیاتر وشەی (وەهابی یان وەهابییەکان) بۆ ناساندنی رێبازی سەلەفیزم بەکارهاتووە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)ەوەو لەگەڵ دەستپێکردنی کاری ئاشکرای ئەو رێبازە لەکوردستان؛ ئیتر زاراوەی (سەلەفی) تەنگی بە زاراوەی (وەهابی و وەهابییەکان) هەڵچنی و زاراوەی(سەلەفی) بەکارهات، لەپاڵیشیدا بەڕێژەیەکی سنووردار؛ زاراوەی (مەدخەلی) بەکارئەهات، بەتایبەتی لەلایەن هەندێک کەسی نەیاری رێبازی سەلەفیزم؛ لەناو هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسی کوردستان، لەنمونەی (مەلا کرێکار)، کە زنجیرە وتارێکی بەناونیشانی (بارە زەلی کەرێکی شەلی مەدخەلی)، لەگۆڤاری (ڕێگا) و لەکەناڵی یوتیوبی خۆیدا بڵاوکردەوە".

توێژەر  باسی ئەو دەمە  دەکات کە بیری سەلەفی چۆتە بواری بزاوت و جوڵانەوەو دەڵێت" بزووتنەوەی سەلەفیزم،بەرەتکردنەوەی دەقە تەئویلکراوە کارپێکراوەکانی ئیسلام و کارکردن بە بنەما فیقهییە جێگیر و نەگۆڕەکان و فەتوا و ئەدەبیاتەکانیتری (ئیبن تەیمییە) و (ئیبن قەیم جەوزی)؛ لەدژی فەرمانڕەوایانی دەوڵەتی عوسمانی؛لەسەدەی هەژدەدا چووە ناو قۆناغی کاری جوڵانەوە و بووە رێبازێکی ڕێکخراو و ئاراستەکراو؛ بەرەو ململانێ و هەوڵدان، بۆ بانگەوازکردن و کارکردن بۆ چەسپاندنی رێبازەکە، بەسەر کۆمەڵگە و بەسەر سیستەمی فەرمانڕەواییدا؛بەرەو بنیاتنانی قەوارەیەکی سەلەفیزمی، لەسەر بنەمای دروشمی (یەکتاپەرستی)".

لە بارەی پەلهاویشتنی سەلەفییەکانەوە، توێژەر دەڵێت" پەلهاویشتنی پڕۆژەی سەلەفیزم بە شەڕ لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە ئەوەی(بنەماڵەی ئالسعود) و بزووتنەوەکەی (شێخ محەمەد عەبدولوەهاب)، توانییان قەوارەیەکی سەلەفیزمیبە ناوی (میرنشینی دەرعیە)، لەناوەڕاستی نیمچە دوورگەی عەرەبی دابمەزرێنن، بەدوایدا کەوتنە کارکردن بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی سەلەفیزم و پەلهاویشتن بۆ فراوانکردنی قەوارەکە.
لە بارەی چۆنێتی هەناردەکردنی بیری سەلەفییەوە، نیاز عەزیز پێیوایە" دەوڵەتی سعودیە و سەلەفیستە خاوەن دەسەڵات و دامودەزگە ئایینیەکان لەو وڵاتەدا، لەنیوەی دووەمی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە؛ بۆ بوونەناوەند و مەرجەع لەجیهانی ئیسلامی و بۆ بڵاوکردنەوەی سەلەفیزم لەدەرەوەی سعودیە، هەروەها بۆ بەهێزکردنی رەوتی ئیسلامی سیاسیی دۆست و وابەستە و نزیک لەخۆیلەجیهانی ئیسلامیدا؛ بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژ و رێکخراو و ئاراستەکراو، بەپشتبەستن بە توانا داراییەکانی دەوڵەت، بە قۆستنەوەی رۆڵ و هەژموون و کاریگەری و پێگەی ئایینیی دەوڵەتی سعودیە، لەناو وڵات و کۆمەڵگە موسوڵمانەکاندا؛چەندین ڕێگا ومیکانیزم،هۆکار وئامراز، ناوەند و دامودەزگای دەوڵەتیی بەکارهێناوە بۆ هەناردەکردنی ئەو بیرورا و جوڵانەوانە سەلەفیانە".

سەبارەت بە پۆلێنکردنی سەلفییەکانەوە، توێژەر نیاز سەعید عەلی کردوونی بە سێ رەوتەوە کە یەکێکیان رەوتی سەلەفیزمی تەقلیدیی  بانگەوازکاری کە بانگەوازکارانی ئەم رەوتە، نازناوی سەلەفیزمی زانستیشیان لەخۆیان ناوە؛ خۆیان بە خاوەنی شەرعی و راستەقینەی پڕۆژەی سەلەفیزم و درێژەپێدەری رێبازی راستەقینەی پێشینەی پیاوچاکان و ئەهلی سوننەت و جەماعەت ئەزانن.

جۆری دووەمیش وەک توێژەر ئاماژەی بۆ دەکات رەوت رەوتی سەلەفیزمی سیاسی یە کە ئەم ئاراستەیەی کارکردن، پێیوایە ئەتوانێت لەڕێگەی دروستکردنی رێکخراو و پارتی سیاسی و بەشداریکردن لەچالاکییە سیاسیەکان و پرۆسەی هەڵبژاردنە گشتییەکان؛ بەر بە پڕۆژەی سیکۆلاریزم بگرێت و وردەوردە تەنگی پێهەڵچنێت و هەراسانی بکات، هاوکات بەم ڕێگەیە و بەشێنەیی کار بۆ پڕۆژەی بەسەلەفیزمکردنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بکات.

هەرچی رەوتی سێهەمە رەوتی سەلەفیزمی جیهادییە ئاراستەی کارکردنی ئەم رەوتە؛ بریتییە لەگرتنەبەری  ئامراز و میکانیزمی جیهاد، کە خۆی لەبەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگ، شەڕ و تیرۆر ئەبینێتەوە، ئەویش بۆ گێڕانەوەی شێوازی فەرمانڕەوایی و رەوش و ستایلی ژیانی کۆمەڵگە؛ بۆ قۆناغی سەلەفیزم.

ئەم ئاراستەیە لەهەندێک وڵات و ناوچەدا بە شاراوەیی و نهێنی کار ئەکات،لەهەندێک ناوچەیتردا بە پاساوی (دارولئیسلام)؛ قەوارەیان بۆ فەرمانڕەواییکردن دامەزراندووە و لێیان هەڵوەشاوەتەوە؛ لەنمونەی (میرنشینی ئیسلامی لەهەورامان و شارەزووری ئەنسارولئیسلام لەکوردستان، دەوڵەتی ئیسلامیی خەلافەتی داعش لەسوریا و عێراق) و ... هتد.

دەقی توێژینەکە لەم لینکەوە بخوێنەرەوە



AM:12:32:26/07/2023