"لە رۆژانی ئایندەدا نرخی دۆلار دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت"

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هیچ هۆكارێكی رەسمی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار نییە". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بە سایتی فەرمی یەکێتی ڕاگەیاندووە" كەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی مەركەزییەوە و ئەو پڕوپاگەندانەی لەبازاڕ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەن كاریگەری هەیە لەسەر دابەزینی بەهای دیناری عیراقی و نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرز كردووەتەوە، بەڵام دواجار بڕیارێكی رەسمی بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار نییە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆلار تا رادەیەك دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت".

وتیشی" حكومەتی عیراق ناچارە ئەو دۆلارەی لە پارەی نەوت دەستیكەوتووە بیگۆڕێتەوە بە دینار، بۆ ئەوەی مووچە و پڕۆژەكانی پێ جێبەجێ بكات، ئەمەش وادەكات خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕدا زۆربێت و نرخەكەی دابەزێت". 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند" جێبەجێكردنی رێكارەكانی بودجە جارێكی دیكە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار دەبێت". 

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی دۆلاری ئەمریكی ناجێگیری بەخۆیەوە بینیوە کە بەشێوەیەك نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک بەرامبەر بە ١٥٨ هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆدا نرخی ١٠٠ دۆلار لە خوار ١٥٤ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا. 


PM:02:35:28/07/2023