"نامانەوێت موچەكانمان بچێتە بەردەست نوسینگەی حەواڵە و دیلیڤەری هەرێم بەناوی وەزارەتی دارایی"


دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایدەگەیەنن "دەمانەوێت راستەوخۆ موچەكانمان لە بەغداوە پێبدرێت نەك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە".

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ یەكشەممە لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق گردبونەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند "جارێكی دیكە ناچاربوین سكاڵامان ببەینە لای ئێوە لە ئەنجامی زیادبونی ستەمكاری مەبەستدار و بەردەوامی دەسەڵاتدارانی هەرێم دژی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئەو ستەمكاریە 9 ساڵە بەردەوامی هەیە دژی فەرمانبەرانی شارستانی بە پلانێكی ناپاكی دەزانین، ئەم ستەمكاری و نادادیە هێز و ئیرادەی زیاتركردین بۆ بەگژداچونەوەی بكەرانی ئەو كارە چەپەڵە".

هەروەها وتویانە "سەرەڕای هەبونی داهاتی بێشوماری ناوخۆ و خاڵەسنوریەكان و داهاتی نەوتی، بەڵام بەرژەوەندی كۆمپانیا حزبی و بنەماڵییەكان هەمیشە خراوەتە پێش بەرژەوەندی فەرمانبەرانەوە".

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوا دەكات چارەسەر كێشەی درێژخایەنی دواكەوتنی موچە بكرێت لە رێگەی راستەوخۆ دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەراندا، دەشڵێن "نامانەوێت بەهیچ جۆرێك موچەمانمان بچێتە بەردەست نوسینگەی حەواڵە و دیلیڤەری هەرێم بەناوی وەزارەتی داراییەوە".




AM:11:59:30/07/2023