" سبەی بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت "

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " سبەی سێ شەممە سودانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەکات ".

د. نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی کوردساتنیوز رایگەیاند" لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، سودانی پێیراگەیاندووین کە ئەمڕۆ واتە دوو شەممە، یان سبەی بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەدات".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی راشیگەیاند" سودانی بڕیاری دا کە ئەمڕۆ، یان سبەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت، مادام ئەمڕۆ نەیناردووە، سبەی سێ شەممە مووچەکە دەنێردرێت بۆ هەرێم ".

هەموو سێ شەممەیەک هەفتانە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوەو، بڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەینێدا باسی لە مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێم بکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوو شەممە د. جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەگەڵ گەیشتنی پارەکەدا لە بەغداوە لەم هەفتەیەدا دەستدەکەن بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".

ماوەی دوو مانگی تەواوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشنەکراوەو، هەرچی حکومەتی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە مووچە حکومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، هەرچی بەغداشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەرێم تا ئێستا پابەند نەبووە بە رادەستکردنی نەوتەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە واژوویان کردووە.
 

 




PM:11:03:31/07/2023