بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە: نامانەوێت هاوپەیمانان بە كێشەكانی وەزارەت بزانن


بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لە وەزارەت "لاوەكی و بچووكن" و دەڵێت "ئەگەر هاوپەیمانان بە كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بزانن كاریگەری خراپ لەسەر دۆخی ناوخۆییی هەرێم دروست دەبێت".

لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە (لەسەر پشكی پارتی) بە (دەنگی ئەمەریكا)ی راگەیاندووە "بێگومان هاوپەیمانانیش لەوە تێدەگەن ئێمە گرفتمان هەیە، بەڵام جیاوازیەكە گرفتێكی ئەوەندە گەورە نیە نەتوانین حلی بكەین. لێرەوە پەیامم بۆ هەموو ئەوانەی كە دێنە سەر شاشەی میدیا تكایە دان بە خۆیاندا بگرن، ئەم قسانە بۆ ناو میدیا نیە و بۆ ژووری كۆبوونەوەكانە، بۆ سەر مێزە. ئەگەر گلەیی و گرفتێك هەیە، با لەوێ چارەسەری بكەین."

هەروەها وتویەتی "نامانەوێت ئەم پەیامانە بگاتە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە،  بێگومان ئەم پەیامانە ئەگەر بگەن بە هاو پەیمانان و میدیا پەیامی خراپن و كاریگەری خراپیان لەسەر دۆخی ناوخۆ دەبێت."



لیوا عوسمان ئاماژەی بەوەداوە "نازانین ئەو قسەیە لە كوێوە هاتووە كە دەڵین هیچ كاتێك دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە بەقەد ئێستا خراپ نەبووە. ئەم بابەتە لەوانەیە تاڕادەیەكی زۆر وانەبێت. بابەتی وەزارەتی پێشمەرگە لەوانەیە هەندێ دیدی جیاواز لەنێوان برادەران و بەرپرسانی وەزارەت بێت، بەڵام گرفتەكە ئەوەندە گەورە نیە نەتوانین كۆنترۆڵی بكەین یان بەسەریدا زاڵ بین."





PM:11:01:03/08/2023