كوردەكان لەكوێی جیهاندا دەژین و خەریكی چین؟

ڕاپۆرتی: گۆران دوكانی ـ ئەمەریكا
بەشی دووەم و كۆتایی
"پێشەكی"
كورد وەك زۆربەی نەتەوەكانی دیكەی جیهان ژمارەیەكی زۆری لە ووڵاتانی تاراوگەدا نیشەتەجێن كە بەملیۆنان كورد مەزەندە دەكرێن، گەلی كورد كەدەكەوێتە ڕۆژئاوای ئاسیاوە، باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا و باكووری ڕۆژئاوای ئێران و باكووری عێراق و باكووری سوریا دەگرێتەوە، لەشارەكانی ڕۆژئاوای توركیا (بەتایبەت ئیستەنبوڵ) و ئەوروپای ڕۆژئاوا (بەپلەی یەكەم لەووڵاتی ئەڵمانیا) زۆرینەیەكی كورد دەژین، پێكهاتە بەرچاوەكانی ڕەوەندی كورد لە ئەنادۆڵی ناوەڕاست و خوراسان و قەفقازدا ئێكسلاڤەكانی كورد هەن. ژمارەی دانیشتوانی كورد لەنێوان 60 بۆ 65 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت لەجیهاندا.
"كام ووڵاتانە زۆرترین كوردی لێیە"
ئەگەرچی سەرژمێریەكی وورد لەبەردەستدا نیە بەڵام ڕێژەی دانیشتوانی كورد بەپێی تازەترین داتا لەووڵاتانی ڕۆژئاوادا بەم جۆرەرە خەمڵێنراوە:
ـ گەورەترین ڕەوەندی كوردی لە ووڵاتی ئەڵمانیایە كە مەزەندە دەكرێت نزیكەی 1.5 یەك ملیۆن و نیو كورد لەو ووڵاتەدا بژین و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لە شاری كۆڵنە.
ـ فەرەنسا بە پلەی دووەم دێت كە زۆرترین كوردی لێ نیشتەجێیەو ژمارەیان نزیكەی 240 هەزار كوردەو گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لە دەوروبەری شاری پاریسە.
ـ هۆڵندا بە پلەی سێهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 150 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەشاری دانهاخە.
ـ سوید بەپلەی چوارهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 110 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەشاری ستۆكهۆڵمە.
ـ شانشینی یەكگرتوو (بەریتانیا) بەپلەی پێنجەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 90 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەشاری بێرمینگهامە.
ـ بەلجیكا بەپلەی شەشەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 75 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەشاری برۆكسلە.
ـ سویسرا بە پلەی حەوتەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 65 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەشاری باسلە.
ـ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەپلەی هەشتەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 60 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەشاری ناشڤێڵە.
ـ یۆنان بەپلەی نۆهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 50 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەشاری ئەسینایە.
ـ نەرویج بەپلەی دەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 45 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەشاری ئۆسڵۆیە.
ـ كەنەدا بەپلەی یانزەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 30 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەدەوروبەری شاری تۆرنتۆیە.
ـ ئوسترالیا بەپلەی دوانزەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو وڵاتەدا بەنزیكەی 12 هەزار مەزەندە دەكرێت و گەورەترین كۆمەڵگای كوردییش لەدەوروبەری شاری سیدنیە.
جگە لەم ووڵاتانە ژمارەیەكی زۆری كورد لە ووڵاتەكانی (ئازەربایجان، ڕووسیا، كازاخستان، ئەرمینیا، كیرگستان، جۆرجیا، نیوزلەندا، نەمسا، دانیمارك، فینلەندا، ئایسلەندا، ئایرلەندا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پرتوگال، لوكسمبۆرگ) دەژین، كەمەزەندە دەكرێت ژمارەی سەرجەمیان زیاتر لە 1.2 یەك ملیۆن و دووسەد هەزار كوردبێت.
"كام ووڵاتانە گرنگن بۆ دروستكردنی لۆبی"
لەهەموو وڵاتێكی ڕۆژئاوایدا دەتوانرێت پەیامی پرسە نەتەوەیی و ئابوور و سیاسی و دیپلۆماتی و فەرهەنگی و ژیاریەكان بگەێنرێتە ناوەندە پەیوەندیدارەكان بەڵام ئەو وڵاتانەی كە باشترینن بۆ دروستكردنی لۆبی و گەیاندنی دەنگی حكومەت و نەتەوەكان بریتین لە: "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شانشینی یەكگرتوو (بەریتانیا)، یەكێتی ئەوروپا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، كەنەدا، ئوسترالیا" جگە لەناوەندە باڵاكانی ئەم وڵاتانە چەند ناوەندێكی دیكەش هەن كە زۆرجار ڕوویداوە چەند حكومەتێك لۆبی تێدا ئەنجام بدەن ئەو ناوەندانەش دیارترینیان ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
"كام ووڵاتانە زۆرترین هەوڵی لۆبی دەدەن"
گومانی تێدانیە وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ناوەندە سیاسیەكانی چەقی دروستكردنی گەورەترین لۆبین لەسەر ئاستی جیهاندا بۆیە زۆربەی ووڵاتانی دنیا بەگرنگیەوە لۆبی لە ئەمەریكادا ئەنجام دەدەن، ئەگەر تەنها ساڵی 2010 وەك نموونەیەك وەربگرین حكومەتەكانی دەرەوە نزیكەی 460 ملیۆن دۆلاریان بەتەنها لەو ساڵەدا خەرجكردووە بۆ لۆبیكردنی ئەندامانی كۆنگرێس و بەرپرسانی حكومەتی ئەمەریكا.
ئەو ووڵاتانەی كەهەمیشە لەڕێگەی ڕەوەندی نەتەوەكانی خۆیانەوە كەنیشتەجێی ئەمەریكان لە هەوڵی لۆبیكردندان و بۆ ئەو مەبەستەش زۆرترین پارە خەرج دەكەن بریتین لە (ئیسڕائیل، سعودیە، توركیا، میسر، پاكستان، ئیمارات، چاینا).
"كورد و لۆبی"
بەشێكی زۆر لە نەتەوەكانی دنیا لەڕێگەی لۆبیكردنەوە لە ووڵاتە ڕۆژئاوایەكاندا مافەكانی خۆیان بە دەست هێناوە یاخود بونە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بەڵام حاڵی لۆبی كوردی لە تاراوگەدا لەخراپترین ئاستدایە تەنانەت شتێك نیە بەناوی لۆبی كوردی ئەوەشی كەهەیە نەك هەر لۆبیەكی كوردی نەتەوەیی نیە بەڵكو لۆبیەكی حیزبی و خێڵەكی و بنەماڵەیەو لێدانە لە پرسە ڕاستەقینەكەی لۆبی كوردی.
"كورد و سیاسەت"
ئەگەرچی ناوەندو دامەزراوە كوردیەكان مێژوویەكی دێرینیان هەیە لە تاراوگەدا، تەنانەت لە هەندێك ولاتدا لە ساڵانی چلەكانی سەدەی ڕابردوودا كورد بونی هەبوە بەلام بەهۆی ناتەبایی و خۆخۆری ناوخۆی كورد تاكو ئەمڕۆ كورد خراپترین سیاسەتی كردوە لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئەگەر ویلایەیەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەك نموونەیەك وەربگرین كە چەقی لۆبی و سیاسەت و دیپلۆماسیەتە بەلام جگە لەوەی كورد نەك لۆبییەكی حەكیمانەی تێدا ئەنجام نەداوە تەنانەت خراپترین سیاسەتیش دەكەن لەم وولاتە زلهێزەی جیهاندا.
ئەگەرچی كورد بەژمارە نوێنەری زۆری هەیە لە ئەمەریكادا بەڵام لەبەر ئەوەی كورد خاوەنی گوتارێكی یەكگرتووی نەتەوەیی نیە و سیاسەتوان و دیپلۆماتی باشی نیەو تەنانەت هەندێك لایەن ئەندامەكانیان لەسەر ئەساسی خزمایەتی و حیزبایەتی و بنەماڵەی دامەزراندوە ئەم نوێنەرانەی كورد لە ئەمەریكا نەیانتوانیوە هیچ شتێكی بەسود بۆ بەرژەوەندی كورد بەدەست بێنن. نوێنەرەكانی كورد لە ئەمەریكادا بریتین لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی گەلان HDP، پارتی یەكێتی دیموكرات PYD، لەگەڵ چەند نوێنەرایەتیەكی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات.
ساڵی 2013 چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ پرۆفیسۆری ئەمەریكی "بڕاندن لێری" ئەنجامدا، ناوبراو ڕاوێژكاری پێشوی بێڵ كڵینتنی سەرۆكی ئەمەریكا و ڕاوێژكاری پێشوی بانكی مۆنی سەرۆكی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو بۆ كاروباری سیاسی، لێری كە زۆر خۆی بەدۆستی كورد دەزانێت، لەو دیدارە ڕۆژنامەوانیەدا باسی لەوەكرد "كوردەكان ناتەبایی بەشێوەیەكی زۆر سەرسوڕهێنەر و بەربڵاو ڕووی تێكردون كەمن ئەم دووبەرەكیەم لەناو هیچ نەتەوەیەكی دیكەدا نەبینیوە" هەروەها گوتی "زۆرجار ڕوویداوە لەسەر پرسێكی سیاسی كە پەیوەندی بەچارەنوسی كوردەوە هەبوە پێنج نوێنەری جیاوازی كورد هەریەكەیان داواكاری جیاوازیان پێشكەش بە ئەمریكیەكان كردوە لەسەر ئەو پرسە، ئەمەش نیگەرانی لای ئەمریكیەكان دروست كردوە" هەروەها لێری لەو چاوپێكەوتنەدا زۆر بەڕاشكاوی باسی لەوەكرد "ئەو دۆستایەتیەی ئەمریكیەكان بۆ كورد هەیانە بێ بەرامبەر لەگەڵ هیچ نەتەوەیەكی دیكەدا ئەو دۆستایەتیە بێ بەرامبەرەیان نەكردوە، بەڵام كوردەكان نەیانتوانیوە ئەو دۆستایەتییە بێ بەرامبەرەی ئەمەریكا بقۆزنەوە و بۆ پرسە نەتەوەیەكانیان سودی لێ ببینن".
"كورد و ئاین"
كوردەكان هیچكات وەك نەتەوە موسوڵمانەكانی دیكەی تاراوگە نەیانتوانیوە ئاین بكەنە فاكتەرێك بۆ بەرژەوەندی نەتەوەكەیان و تەنانەت بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان و خێزان و نەوەكانیشیان، كورد لەزۆربەی مزگەوت و ناوەندە ئیسلامیەكانی ئەمەریكاو ئەوروپادا هەتا ئەمڕۆ پاشكۆی تورك و عەرەب و ئەفغانی و پاكستانیەكانە چونكە كوردەكانی ئەمەریكاو ئەوروپا تاكو ئەمڕۆ بە ملیۆنان دۆلاریان بۆ دروستكردنی مزگەوت و مەلاو ناوەندی ئیسلامی كۆكردۆتەوە كەچی زۆربەی ئەو مزگەوت و ناوەندە ئیسلامیانە لەلایەن عەرەب و تورك و پاكستانیەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێن و بەڕێوەدەبرێن بەڵام تاكو ئەمڕۆ كوردەكان ئامادەنین پارە بۆ ناوەندێكی كەلتووری و فەرهەنگی و هونەری كۆبكەنەوە هەرئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆرینەی ئەمەریكی و ئەوروپی و نەتەوە جیاوازەكانی دیكەی جیهان تاكو ئەمڕۆ نازانن وشەی كورد یان كوردستان چیە.
موسوڵمانە كوردەكانی تاراوگەنشین ئامادەیی ئەوەیان تێدایە (پارە بۆ كڕینی قەبر كۆبكەنەوە تاكو دوای مردنیان بە دەستوری ئیسلامی بیاننێژن) بەلام تاكو ئەمڕۆ ئامادەنین پارە كۆبكەنەوە بۆ كردنەوەی خوێندنگەیەك كە منداڵەكانیان فێری زمانی كوردی بكەن هەر ئەوەشە وایكردوە زۆربەی منداڵی خێزانە كوردەكانی تاراوگە كوردی نازانن یان كوردیەكی زۆر خراپ قسەدەكەن، بەڵام بەشێك لە خێزانە كوردەكان منداڵەكانیان دەنێرن بۆ فێربونی وانەی ئیسلامی لە مزگەوتەكانی ئەمەریكاو ئەوروپادا كە لەلایەن مەلا تورك و عەرەب و ئەفغانی و پاكستانیەكانەوە وانەی ئاینیان پێ دەگوترێتەوە ئەمەش زۆرجار كارەساتی زۆر گەورەی لێ كەوتۆتەوە، بۆ نموونە "بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی كەناڵی BBC مەدرەسەكانی بەریتانیا لە ماوەی سێ ساڵدا ڕووبەڕووی زیاتر لە 400 تۆمەتی دەستدرێژی جەستەیی بۆسەر منداڵانی موسوڵمان بوونەتەوە" بەو هۆیەشەوە تاكو ئەمڕۆ چەندین مەلا سزا دراون كەچەند مەلایەك تاوانەكانیان هێندە گەورەیە سزای زیندانیكردنی هەتا مردنیان بەسەردا سەپێنراوە، بەشێك لەو سەرپێچیانە بریتین لە "لێدانی منداڵان لەكاتی لێپرسینەوەی وانەی ئاینیدا، فێركردن و ڕاهێنانی منداڵان لەسەر چۆنیەتی شێوازی سەربڕینی مرۆڤ، دەستدرێژی كردنی سێكسی بۆسەر منداڵان...هتد."
لەلایەكیترەوە ئەو هەموو كارەسات و تراژیدیایە بەسەر پارچەكانی كوردستاندا هاتوە تاكو ئەمڕۆ هیچ كۆمەڵگایەكی كوردنشین لە شارە جیاجیاكانی تاراوگەدا نەیانتوانیوە وەك پێویست هاوكاریەكی دەستەجەمعی گەورە كۆبكەنەوە بۆ ئاوارەو لێقەوماوانی كورد كە جێگەی دەستخۆشی و ئافەرین بێت، ئەوەیشی كە كراوە هاوكاریەكی هێندە كەم بوە كە ئەرزشی بۆ كارەساتەكان نەبوە، بۆ نموونە: سەنتەرێكی كوردی لە ئەمەریكا بۆ منداڵانی شەنگال و كۆبانی گەورەترین ڕیكلام و هەڵمەتیان لەهەموو ئەو شارانەی ئەمەریكا ڕاگەیاند كە كوردەكانی لێ نیشتەجێن تەنها 10 هەزار دۆلاریان بۆ كۆكرایەوە لەكاتێكدا نیوەی ئەو بڕە پارەیەش بەتەنها خێرخوازێك بەخشیبوی! ئەمە لەكاتێكدا نزیكەی 60 هەزار كورد لە ئەمەریكادا دەژین!، تەنانەت لەو وڵاتانەی دیكەشدا كە ڕێژەیەكی زۆر كوردی لێیە بەهەمان شێوەیە یان هەر نەبوە یان ئەگەر هاوكاریش كۆكرابێتەوە زۆر كەم بووە، لەكاتێكدا بۆ نموونە توركەكانی دانیشتوی ووڵاتانی تاراوگە لەكاتی ڕوودانی زەمین لەرزەكەی فێبریوەری ئەمساڵدا بە ملیار دۆلاریان بۆ هاونیشتیمانیانی خۆیان كۆكردەوە بەجۆرێك تەنها 10 كاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی سندوقی هاوكاری توركیا 3 ملیۆن دۆلاریان كۆكردەوە ئەمە لەكاتێكدا پێش ڕاگەیاندنی سندوقی هاوكاریەكەشیان 3,410,000 سێ ملیۆن و چوارسەد و دە هەزار دۆلاریان كۆكردبۆوە! 
تەنانەت ئەو ڕووحیەتی هاوكاریە لای كوردە دەوڵەمەند و خاوەن بزنسەكانی تاراوگەشدا نیە جگە لە حەمدی ئولكایە كە بازرگانێكی كوردە لە ئەمەریكا هەمیشە بەشێك لە سەروەت و سامانەكەی بۆ ڕووداوە كارەساتبارەكانی كوردستان بەخشیوە هیچ بازرگان و دەوڵەمەندێكی دیكەی تاراوگە نابینیت هاوكاریەكی هێندە گەورەی كردبێت كەجێگەی باس بوبێت.
"كورد و كەلتوور"
خاڵێكی دیكەی نامۆ و ناشرینی كورد لە تاراوگەدا كە میدیاو ڕێكخراوە جیهانیەكان پێیان وایە لە كەلتوورەوە بۆ كوردەكان ماوەتەوە ئەویش كوشتن و ئازاردانی كچان و ژنانە لەلایەن باوك و برا و مێردو كەسە نزیكەكانیانەوە، ئەم كارەی كوردەكان وێنایەكی تەواو ناشرینی دروست كردوە لای ولاتانی ڕۆژئاوایی چونكە چەندین جار بۆتە مانشێت و ڕاپۆرتی میدیا جیهانیەكان و ناوەند و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، لەنموونەی ڕاپۆرتی "نەتەوە یەكگرتووەكان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا، ڕێكخراوی هیومان ڕایس وەچ، ڕێكخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ...هتد".
بەپێی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتە جیهانیەكان بێت كورد یەكێكە لە نەتەوە هەرە پێشەنگەكانی جیهان كە لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و لەسەر ئاستی تاراوگەشدا كوردەكان كوشتنی ژنان و ئازاردانی جەستەیی و ڕوحی ژنان بۆتە بەشێك لە كەلتووریان، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین ژنی كورد لە ووڵاتانی تاراوگەدا كوژراون یان دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر یانیش ئازاری جەستەیی و ڕوحی دراون لەژێر بیانوی شەرەف و ناموسدا كە دووان لەو كەیسانە دەنگدانەوەیەكی فراوانی جیهانیان بەدوای خۆیاندا هێنا لەلایەن میدیاكانەوە، كەیسی خنكاندنی بەناز مەحمود لە لایەن كەسوكارەكەیەوە لە وڵاتی بەریتانیا و كەیسی دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی ئەڵمانی و دواتریش كوشتنی لەلایەن پەنابەرێكی كوردی باشوورەوە.
جگە لە پرسی ڕەگەزی مێینە، كوردەكان لەناوخۆیاندا هەڵگری چەندین بابەتی دیكەی نامۆ و ناشرینی كەلتوورین، كە بەشێك لەو ناشرینیانە مێژوویەكی دوورو درێژیان هەیە، دیارترینیان دووبەرەكی و ناتەبایی كوردەكانە لەناوخۆیاندا بەجۆرێك هەندێكجار ڕوویداوە تەنانەت كوردەكانی تاراوگە لە شین و شایشدا نەیانتوانیوە لەگەڵ یەكتریدا هەڵبكەن، بۆنموونە زۆرجار ڕوویداوە لە ئەوروپا یان ئەمەریكادا كەسایەتیەكی دیاری كورد كۆچی دوایی كردوە بەلام ململانێی ناوخۆیی وایكردوە لەهەمان شاردا دوو پرسەی جیاوازیان بۆ كەسی كۆچكردو داناوە!، یان لە بۆنەیەكی نەتەوەیی وەك نەورۆزدا زۆرجار سێ بۆ چوار ئاهەنگ سازكراوە لەهەمان شاردا، ئاهەنگێكیان هی كوردانی ڕۆژهەلات و ئەوەیتریان هی باكوور و دوو ئاهەنگیش هی پارتی و یەكێتی بوون.
"كورد و زانست"
لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە سەدەیەكە تاكو ئەمڕۆ بە ملیۆنان كورد لە ووڵاتانی تاراوگەدا دەژین بەلام لەناو هەموو زانستەكاندا (زانستی سیاسی، زانستی تەندروستی، زانستی تەكنەلۆژیا، زانستی گەردوون ناسی، زانستی ئابووری و...هتد) كورد زانایەكی ناوداری لێ هەڵنەكەوتوە كە ببێتە مایەی باسكردن و سەرنج و تێڕامانی ئەمریكی و ئەوروپیەكان، ئەگەر هەشبێت ژمارەیان لە پەنجەكانی دەستێك تێپەڕ ناكات، لە كاتێكدا زۆربەی میللەتانی دیكە چەندین زانایان لێ هەڵكەوتوە لە ناوەندە گرنگەكانی ئەمریكا و ئەوروپادا كار دەكەن، جگە لەوە تەنانەت كورد تاكو ئەمڕۆ وەرزشەوانێك یان هونەرمەندێكی بەناوبانگیشی لەسەر ئاستی جیهاندا نیە، لە كاتێكدا چەندین میللەتی دیكەی وەك بەنگالادیشەكان و هیندەكان و توركەكان و فارسەكان و عەرەبەكان و پاكستانیەكان و ئەرمەنەكان و یۆنانیەكان و فلیپینی و نیپاڵیەكان و...هتد، چەندین كەسایەتی دیاری هونەرمەند و وەرزشەوان و یوتوبەر و كۆمیدیایان تێدا هەڵكەوتوە لە ئەمەریكا و ئەوروپادا كە نموونەكان هێندە زۆرن ناكرێت هەموویان لێرەدا باس بكەین، تەنها باسی بەنگلادیشەكان دەكەین بەتەنها لە ئەمریكادا چەندین كەسایەتی ناوداریان هەیە، لەكاتێكدا بەنگلادیشیەكان یەكێكن لەو نەتەوانەی كە ئەمڕۆ بە سەدان كەسیان لە ماڵەكانی كوردستاندا خزمەتگوزارن و خزمەتی تاكی كورد دەكەن!، تەنها لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا زیاد لە 10 كەسایەتی دیاری بەنگلادیشی بەناوبانگ هەیە كە سەرنجی ئەمریكیەكان و جیهانیان بەلای خۆیاندا ڕاكێشاوە لە بوارەكانی (زانای بایڵۆجی، دیزاینەری ئۆتۆمبێل، ئەندازیاری تەلارسازی لە بینای بەرزدا، بیرۆكەو هاودامەزرێنەری كۆمپانیای یوتوب، بزنسمان، سیاسەتمەدار، ڕۆمان نووس، بڵۆگەر، یوتوبەر، گۆرانیبێژ، میوسیكسیان، كۆمیدیا، ئەكتەر،...هتد).
سەرچاوەكان:
- ماڵپەڕی The Guardian 
- ماڵپەڕی BBC News
- ماڵپەڕی CNBC News
- ماڵپەڕی Al Jazeera
- ماڵپەڕی Daily Mail
- ماڵپەڕی The New York Times 
- ماڵپەڕی U.S. Department of State 
- ماڵپەڕی United Nations OHCHR
- ماڵپەڕی Human Rights Watch 
- ماڵپەڕی Amnesty International 
- ماڵپەڕی Wales Online
- ماڵپەڕی World Population Review
- ماڵپەڕی Bolt Burdon Kemp
- ماڵپەڕی The Famous People TFP
- ماڵپەڕی Middle East Eye 
- ماڵپەڕی Wikipedia


PM:05:31:04/08/2023