لەسەر هەڵبژاردنی ناوچەی خانەقین بەرپرسێکی پارتی ڕایەکی جیاوازی هەیە

بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان رادەگەیەنێت" لەپێناو بەرژەوەندی کورد ئامادەین بە لیستی هاوبەش بەشداری بکەین لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە". 

ئەکبەر حەیدەر بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان ٢٤ی راگەیاندووە" تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک دروستنەکراوە بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لایەنە کوردییەکان بە لیستی جیا بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە". 

وتیشی" حزبی شیوعی ئامادەن بۆ هاوپەیمانیەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام تا ئیستا یەکێتی هیچ دەستپیشخەرییەکی نەکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی بە یەک لیست بەشداری بکەن". 

ڕوونیشیکردەوە، پێشتر وەک کورد سێ کورسیان هەبووە لە ئەنجوومەنی پاریزگای دیالە، یەک کورسی پارتی و دوو کورسی یەکێتی.

دەشڵێت" ئەگەر لایەنە کوردییەکان بە لیستی جیا بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لەو بڕوایەدام کورسییەکانی کورد کەم دەکات، ئامادەین لەگەڵ یەکێتی لیستی هاوبەش دروستبکەین، ئامانجمان ئەوەیە کە دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت". 

بڕیارە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. 


PM:11:30:04/08/2023