شێرکۆ میروەیس: پێویستە پارتی لە هەموو ناوچە دابڕێنراوەکان بە یەك ئاڕاستە سیاسەتی خۆی بكات

لێپرسراوی مەڵبەندی ٨ی رێكخستنی خانەقینی یەكێتی وەڵامی پەیامەکەی ئەکبەر حەیدەر بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دەداتەوە و دەڵێت" پێویستە پارتی بە یەك ئاڕاستە سیاسەتی خۆی بكات، وەك كورد دەڵێت (بانێك دوو هەوا) نەبێت". 

شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەندی ٨ی رێكخستنی خانەقینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" لە ئان و ساتی گەرمەی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە سنوری پارێزگاكانی عیراق و ناوچە دابڕێندراوەكانیش دەگرێتەوە، ئەكبەر حەیدەر كە لێپرسراوی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە خانەقین، لێدوانێكی لەبارەی هاوپەیمانیەتی لایەنە كوردستانیەكان داوە، مەترسی كەمبوونەوەی كورسیەكانی لایەنە كوردستانیەكان خستووەتەڕوو". 

وتیشی" گرنگە پارتی بەیەك ئاڕاستە سیاسەتی خۆی بكات و وەك كورد دەڵێت (بانێك دوو هەوا) نەبێت، پێویستە لە كەركوك و نەینەواش هەست بەومەترسیە بكەن، هەمان هەڵوێستیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی و یەك لیستی هەبێت، چونكە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوچە دابڕێندراوەكان یەك پاكێجن، بەردەوامیش جەختمان لە یەك هەڵوێستی و كاركردنی پێكەوەیی كردوە، بەڵام نەك بەسیاسەتی چەند ئاڕاستە و خۆڵكردنە چاوی خەڵك". 

شەوی ڕابردوو ئەکبەر حەیدەر بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند" ئەگەر لایەنە کوردییەکان بە لیستی جیا بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لەو بڕوایەدام کورسییەکانی کورد کەم دەکات، ئامادەین لەگەڵ یەکێتی لیستی هاوبەش دروستبکەین، ئامانجمان ئەوەیە کە دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت".  


AM:10:07:05/08/2023