جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان بە ڕێژەی لە سەدا ٢٥ بەرزبووەتەوە

جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لەناوچەی گەرمیان، زیاد دەبێت و بەرپرسێكی ئێرانیش رایدەگەیەنێت: "هەناردەكردن لەڕێگەی ئەو دەروازەیەوە بەڕێژەی لە سەدا ٢٥ بەرزبووەتەوە". 
 
عەلی ئەسغەر عەباس زادە، سەرپەرشتیاری فەرمانگەی چاودێریی گومرگ لە پارێزگای كرماشان-ی رۆژهەلاتی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، "بەپێی ئامارەكان، لەماوەی نێوان ٢١-٣-٢٠٢٣  تا ٢١-٧-٢٠٢٣، بەبەهای ٣٢٧ ملیۆن و ٣٧٠هەزار و ٥٤٩ دۆلار، كاڵای جۆراوجۆری ئێرانی لە رێگەی دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە، هەناردەكراوە".

وتیشی:" قەبارەی هەناردەكردن لەماوەی ئەو چوار مانگەدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، لەرێی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە، بەڕێژەی لەسەدا ٢٥ زیادیكردووە". 
 
سەرپەرشتیاری فەرمانگەی چاودێریی گومرگی كرماشان، ئاماژەی بەوەشكردووە، گرنگترین ئەو بەرهەم و كەلوپەلانەی ئێران كە لەدەروازەی پەروێخانەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان كراوە، بریتیبوون لە بەرهەمی پلاستیكی، سەوزەو میوە، شیش و چەندین جۆر كاڵای دیكە.


PM:09:39:05/08/2023