دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوتی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە ڕاگیرا

دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوتی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە بەهۆكارێكی نادیار راگیراوە و داواش دەکرێت پێشمەرگەکان سەردانی بانکەکان نەکەن بۆ وەرگرتنی مووچە.

ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٣،ژمێریاری لیوای ٥ی پیادەی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا، ئاگاداری پێشمەرگەکانی دەکاتەوە و دەڵێت:"بەھۆکارێکی نادیار کە نازانن چییە، مووچەی مانگی تەمموز (٧)ی لیوا ھاوبەشەکان تا کاتێکی نادیار ڕاگیراوە و دەسەڵاتی خەرجكردنی نەدراوە بە بانكەكان".

لە راگەیەندراوەکەدا لیوای ٥ی پیادە ئاماژەشی بەوەکردووە، پێشمەرگەکان  سەردانی بانكەكان نەكەن بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمموز.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەرچەندە پارەی هاوپەیمانان بۆ مووچەی مانگی حەوتی لیوا هاوبەشەكان گەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە، و پارەکەش خراوەتە سەر هەژماری ئەو بانکانە کە مووچەی لیواکان دابەشدەکەن، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆكارێكی نادیار دابەشكردنەكەی راگیراوە وپێدەچێت رۆژی سێشەممە دابەشبکرێت.


PM:11:06:05/08/2023